سەردێڕ:

وردەکاری بڕیارەکانی جڤاتی نیشتمانی و دەستلەکارکێشانەوەی خانەی راپەراندن

PM:08:33:13/10/2021

11012 جار خوێندراوەتەوە

دوابەدواى دەستلەکارکێشانەوەى رێکخەرى گشتى و خانەى راپەراندنى بزوتنەوەى گۆڕان، جڤاتى نیشتیمانى راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا وردەکاریى بڕیارەکانى کۆبوونەوەى ئەمڕۆیان خستەڕوو.


ئەمڕۆ چوارشەممە، جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بە کۆبوونەوەى نائاسایى ئەمڕۆى جڤاتەکە کراوە و دڵنیایى دراوەتە ئەندامانى بزوتنەوەکە کە "هەڵەکان راست دەکەنەوە" و بڕیارى دەستلەکارکێشانەوەى خانەى راپەڕاندن وەک دروستکردنى پێشینەیەکى سیاسى نوێ و رچەشکێن ناو دەبەن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە رونکراوەتەوە کە لەدواى دەستلەکارکێشانەوەى خانەى راپەراندن دەستەیەکى کاتى بۆ بەڕێوەبردنى بزوتنەوەکە دورستدەکرێت و ئامادەکارى بۆ ئەنجامدانى کۆنفڕانسى نیشتیمانى دەکرێت.

جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە لەبارەى بەشدارى گۆڕان لە حکومەتدا لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە و لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەو بڕیارە نەدراوە کە لەو بارەیەوە دراوە.

لەبەشێکى ترى راگەیەندراوەکەدا ئەوە روونکراوەتەوە "کۆڕ و کۆبوونەوەى فراوان لەگەڵ گۆڕانخوازان ئەنجام دەدرێت و پەیوەندى بەو خەڵکانەش دەکرێت کە لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا هاوکار و پاڵپشتی بزوتنەوەی گۆڕان بوون، یان نوێنەرایەتیان کردوە و زیانیان بە بزوتنەوەکە نەگەیاندوە".

پێشتر خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کرابوو "وەک هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە هەستیارە، خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیارماندا دەستلەکاربکێشینەوە".

لە راگەندراوەکەدا هاتووە "هاوکات لە زووترین کاتدا دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە پێکدەهێندرێت".

به‌ گوێره‌ی په‌یكه‌ری رێكخراوه‌یی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، خانه‌ی راپه‌ڕاندن به‌رزترین ئاستی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ و پێکدێت لە هه‌ریه‌ك له‌ رێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌كه‌ و به‌رپرسانی ژووره‌كانی گۆڕان.

دەستلەکارکێشانەوەى خانەى راپەڕاندنى گۆڕان لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا گۆڕان کە بەلیستێکى هاوبەش لەگەڵ یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان بەشدارى هەڵبژاردنەکە بوو نەیتوانى دەنگى پێویست بۆ دەرچوونى هیچ یەکێک لە کاندیدەکانى بەدەستبهێنێت.

هەر دوابەدواى راگەیاندنى ئەنجامە بەراییەکانى هەڵبژاردنەکەى پەرلەمانى عێراق لە رۆژى دووشەممەى رابردوودا، خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوە کرد "ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەری خست؛ کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەھێناوە و سەرنەکەوتون، دەشڵێن: "داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین و دان بەوەدا دەنێین کە ھەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بوە".

راگەیەندراوەکە لە کاتێکدایە کە بزوتنەوەى گۆڕان لە هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى عێراقدا لە ساڵى ٢٠١٨دا ١٩٩٦١١ دەنگى بەدەستهێنا و بووە خاوەنى ٥ کورسى، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا تەنها ٢٢٣٠٠ هەزار دەنگى بەدەستهێنا و هیچ یەکێک لە کاندیدەکانى دەرنەچوون.

بزووتنەوەی گۆڕان وەک قەوارەیەکی سیاسیی بە سەرۆکایەتی نەوشیروان مستەفا بە ناوی لیستی گۆڕانەوە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٥ی تەممووزی ٢٠٠٩ى پەرلەمانی کوردستانی کرد، و لە کۆی ١٠٠ کورسی ٢٥ کورسی بەدەستھێنا.

نەوشیروان مستەفا لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە باڵی ڕیفۆرم بوو، دوای ئەوەی نەیتوانی ڕیفۆرم لەنێو یەکێتیدا بکات لە ساڵی ٢٠٠٦ وازی لە کاری حیزبی ھێنا و دەستی کرد بە کاری ڕاگەیاندن وەک دەرکردنی ڕۆژنامەی ڕۆژنامە، ماڵپەڕی سبەی، کەی ئێن ئێن، ڕادیۆی دەنگی گۆڕان و سەنتەرێکی ڕاپرسی.













گەلەری