سەردێڕ:

رێکخەرى گشتى و خانەى راپەڕاندنى گۆڕان دەستیانلەکارکێشایەوە

PM:06:55:13/10/2021

30592 جار خوێندراوەتەوە

خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا دەستلەکارکێشانەوەیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوە کرد "دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە پێکدەهێندرێت".


ئەمڕۆ چوارشەممە، خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە "وەک هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە هەستیارە، خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیارماندا دەستلەکاربکێشینەوە".

لە راگەندراوەکەدا هاتووە "هاوکات لە زووترین کاتدا دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە پێکدەهێندرێت".

 

به‌ گوێره‌ی په‌یكه‌ری رێكخراوه‌یی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، خانه‌ی راپه‌ڕاندن به‌رزترین ئاستی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ و پێکدێت لە هه‌ریه‌ك له‌ رێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌كه‌ و به‌رپرسانی ژووره‌كانی گۆڕان.

 

دەستلەکارکێشانەوەى خانەى راپەڕاندنى گۆڕان لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا گۆڕان کە بەلیستێکى هاوبەش لەگەڵ یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان بەشدارى هەڵبژاردنەکە بوو نەیتوانى دەنگى پێویست بۆ دەرچوونى هیچ یەکێک لە کاندیدەکانى بەدەستبهێنێت.

هەر دوابەدواى راگەیاندنى ئەنجامە بەراییەکانى هەڵبژاردنەکەى پەرلەمانى عێراق لە رۆژى دووشەممەى رابردوودا، خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوە کرد "ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەری خست؛ کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەھێناوە و سەرنەکەوتون، دەشڵێن: "داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین و دان بەوەدا دەنێین کە ھەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بوە".

راگەیەندراوەکە لە کاتێکدایە کە بزوتنەوەى گۆڕان لە هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى عێراقدا لە ساڵى ٢٠١٨دا ١٩٩٦١١ دەنگى بەدەستهێنا و بووە خاوەنى ٥ کورسى، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا تەنها ٢٢٣٠٠ هەزار دەنگى بەدەستهێنا و هیچ یەکێک لە کاندیدەکانى دەرنەچوون.

بزووتنەوەی گۆڕان وەک قەوارەیەکی سیاسیی بە سەرۆکایەتی نەوشیروان مستەفا بە ناوی لیستی گۆڕانەوە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٥ی تەممووزی ٢٠٠٩ى پەرلەمانی کوردستانی کرد، و لە کۆی ١٠٠ کورسی ٢٥ کورسی بەدەستھێنا.

نەوشیروان مستەفا لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە باڵی ڕیفۆرم بوو، دوای ئەوەی نەیتوانی ڕیفۆرم لەنێو یەکێتیدا بکات لە ساڵی ٢٠٠٦ وازی لە کاری حیزبی ھێنا و دەستی کرد بە کاری ڕاگەیاندن وەک دەرکردنی ڕۆژنامەی ڕۆژنامە، ماڵپەڕی سبەی، کەی ئێن ئێن، ڕادیۆی دەنگی گۆڕان و سەنتەرێکی ڕاپرسی.














گەلەری