سەردێڕ:

تەندروستی هەرێم هۆشداری بڵاوبوونەوەی جۆرێک ڤایرۆسی دیکە دەدات

PM:06:20:19/07/2021

4988 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، لەپێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی تای خوێن بەربوون و سەلامەتی هاوڵاتیان ئەوەی کە ئەم جۆرە نەخۆشییە راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و لە هەندێک لە شارەکانی عێراق تۆمارکراوە، ئاگاداری پارێزگاکان و سەرپەرشتیاری یەکەئیدارە سەربەخۆیەکان دەکاتەوە، بەمەستی چاودێری پرۆسەی قوربانیکردن لە رێگەی تیمەکانی چاودێری قائیمقامەوە ئەنجامدەدرێت.


ئەمڕۆ دووشەممە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا چەند رێنماییەکی تایبەت بە سەربڕێنی ئاژەڵی لە رۆژانی جەژن بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، باشترین شوێن بۆ سەربڕینی ئاژەڵەکان سەربڕخانە فەرمییەکانە نەک ماڵ و کۆڵانەکان، چونکە تیایدا رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان دەکرێت و پزیشکی ڤێتەرنەری سەرپەرشتی دەکات.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، پێویستە لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵەکان پێویستە کەسەکە رەچاوی پاک و خاوێنی بکات و دەستی بە ئاو و سابوون پاک بشوات.

لەبارەی چۆنییەتی هەڵگرتنی گۆشتی قوربانییەوە، راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەداوە، دەبێت گۆشتەکە بخرێتە ناو کیسی خاوێنەوە و باشتر وایە بۆ ماوەیەک لە ناو ساردکەرەوەدا هەڵبگیرێت و بپارێزرێت پێش دابەشکردنیان چونکە لە ئێستادا پلەکانی گەرما بەرزن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، نابێت پاشماوەی سەربڕینی ئاژەڵەکە فڕێ بدرێتە شوێنەگشتییەکانی وەک شەقام و کۆڵانەکان، چونکە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا چەند رێنماییەک بۆ بەرچاو روونی ئەو هاووڵاتیانەی خوازیاری قوربانی کردنن بەبۆنەی جەژنەوە بڵاوکردەوە، بەتایبەتی دوابەدوای بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون(الحمی النزفیة) لە عێراق.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەو ئاژەڵەی سەردەبڕدرێت دەبێت تەندروست بێت و قڕنە و گەنەی لەسەر نەبێت. لەکاتی وەرگرتنی گۆشتی قوربانی راستەوخۆ بەکاری مەهێنه و بیست چوار کاتژمێر لە ساردکەرەوەی بهێڵەوە.

تای خوێن بەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لەرێگای ئاژەڵەوە دەگوازێتەوە بۆ مرۆڤ و بەهۆی گەنەیەکەوە کە ڤایرۆسەکە هەڵدەگرێت، دواتر دەچێتە سەر لەشی ئاژەڵەکە و تووشی نەخۆشیەکەی دەکات، بەڵام نیشانەکانی دیار نییە لەسەر ئاژەڵەکە.

كـ ، ئـ













گەلەری