سەردێڕ:

یەکەم هەڵوێستی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ تاڵیبان

AM:10:10:13/10/2021

3144 جار خوێندراوەتەوە

دوای کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، شاندی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە قەتەر لەگەڵ تاڵیبان کۆبووەوە و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، تاڵیبان تەنها بەگوێرەی هێرشەکانی هەڵدەسەنگێندرێت نەوەک قسەکانی.


نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی ئەمریکا لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیبان لە دۆحە پایتەختی قەتەر زۆر باش، پیشەیی و ئەرێنیی بەڕێوەچوون.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوەکانی بە "کۆبوونەوەکانی کار" ناوبرد و باسی لەوە کرد، شاندی ئەمریکا بەڕوونی باسی لەوە کردووە کە تاڵیبان تەنها بەگوێرەی هێرشەکانی هەڵدەسەنگێندرێت نەوەک قسەکانی.

نێد پرایس باسی لەوە کرد لە کۆبوونەوەکاندا، ژمارەیەک بابەت تاوتوێ کراون لەوانە؛ هەڕەشەی تیرۆر لە ئەفغانستان، هاوڵاتییانی ئەمریکا، رێگەدان بە جێهێشتنی ئەو ئەفغانستانیانەی کە پشتگیری ئەمریکایان کردووە لەگەڵ هاوڵاتییانی بیانیی تا وڵاتەکە جێبهێڵن.

وەک میدیاکان باسی دەکەن، لە کۆبوونەوەکەدا گەورە بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا بەشداربوون و پرایس خۆی لەو پرسیارە دزیوەتەوە کە لێی کراوە سەبارەت بەوەی ئایا تاڵیبان لەگەڵ ئەمریکا هەماهەنگی دەکات لەبارەی داعش-ویلایەتی خۆراسان یان نا.

وتیشی، ''لێرەدا بەرژەوەندی هاوبەش هەیە، داعش-ویلایەتی خۆراسان چەندە هەڕەشەیە بۆسەر ئەمریکا و هاوپەیمانانی، ئەوەندەش هەڕەشەیە بۆسەر تاڵیبان''.

لە ناوەڕاستی مانگی ئابی رابردوو، چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی کۆتایی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان تەواوی خاکی ئەو وڵاتەیان کۆنترۆڵ کرد.













گەلەری