سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: کاردەکەین بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ببینە هێزی یەکەم

PM:06:12:12/10/2021

11416 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، نەوەی نوێ لە سلێمانی یەکەم و لە هەولێریش دووەمە و یەکەمجاریشە هێزێکی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لە کەرکوک کورسی بهێنێت، دەشڵێت، "ئێمە چاومان لە وەزارەت و پۆست نییە بەڵکو بەرژەوەندی خەڵک لامان گرنگە."


شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا "سوپاسی خوای گەورە و دەنگدەرانی کرد بۆ سەرکەوتنی نەوەی نوێ" و رایگەیاند، "ئەم هەڵبژاردنە یەکێک بوو لە باشترین هەڵبژاردنەکانی دوای روخانی سەدام حسێن."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر ١٠٪ی زیاتری خەڵک بچوونایە بۆ دەنگدان ئێستا نەوەی نوێ هێزی یەکەم بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێستا نەوەی نوێ لەسەر ئاستی هەرێم بووە بە هێزی دووەم"، دەشڵێت، "هیوادارین هەڵبژاردنی داهاتوو خەڵک زیاتر بچێت بۆ دەنگدان."

باسی لەوەشکردووە، "ساڵی داهاتوو خەڵک دەتوانن نەوەی نوێ بکەنە هێزی یەکەم و حکومەت بگرێتە دەست و ئێمەش لە ئێستاوە کاردەکەین بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو تا ببینە هێزی یەکەم."

راشیگەیاندووە، "نەوەی نوێ لە سلێمانی یەکەم و لە هەولێریش دووەمە و یەکەمجاریشە هێزێکی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لە کەرکوک کورسی بهێنێت."

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتووشییەتی، "کاندیدە ژنەکانی نەوەی نوێ بە دەنگی خۆیان و یەکەمی بازنەکانیان سەرکەوتوون."

روونیشیکردووەتەوە، "ئەنجامی پارتی و یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا خراپترین ئەنجام بووە لە ٣٠ ساڵدا"، وتووشییەتی، "پارتی نزیکەی ٣٠٠ هەزار دەنگی تەنها لە هەرێم کەمکردووە."

شاسوار عەبدولواحید لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، "ئێمە چاومان لە وەزارەت و پۆست نییە بەڵکو بەرژەوەندی خەڵک لامان گرنگە"، وتیشی، "موچە و پێشمەرگە و کەرکوک گرنگترین خاڵن کە دەبێت کاری لەسەر بکەین."

راشیگەیاندووە، "دەبێت لە بەغدا داواکاری و کێشەکانی خەڵک بکەین بە مەرج و هەر شتێک لە بەرژەوەندی کورد بێت ئێمە دژی نابین"، دەشڵێت، "نە ژێربەژێر نە بە ئاشکرا رێککەوتنمان لەگەڵ کەس نییە."

لە ١٠ی ١٠دا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و تیایدا نەوەی نوێ وەک هێزێکی کاریگەری هەرێمی کوردستان بەشداری کرد، بەهۆی هەڵوێستەکانی رابردوویەوە کە بەردەوام لەگەڵ هاوڵاتییاندا بووە و لە بەرەی گەل بووە توانی ببێتە جێی متمانەی بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییان و نۆ کورسی بەدەست بهێنێت و ببێتە هێزی دووەم لە هەرێمی کوردستاندا.

 














گەلەری