سەردێڕ:

پەیامێک لەناو رەوتی سەدرەوە؛ لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق

PM:05:37:12/10/2021

16760 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی رەوتی سەدر رایگەیاند، لە ماوەی داهاتوودا رەوتەکەیان لەگەڵ هێزە سیاسییەکان هاوپەیمانی دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.


عوسام حسێن ئەندامی رەوتی سەدر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "رەوتەکەمان هەست بە دڵنیابوونێکی زۆر دەکات لە دوای بە دەستهێنانی زیاتر لە ٧٠ کورسی و راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەلایەن کۆمسیۆنەوە"، دەشڵێت، "ئەگەر ١٠ کورسیشمان بەدەستبهێنانە هیچ کات بەرهەڵەستکار نەدەبوین."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە لەگەڵ هێز و لایەنە براوەی پەرلەمان نزیکین، دوای تەواو بوونی تانە لە ئەنجامەکان دەستبکەین بە دروستکردنی هاوپەیمانی سیاسی لەپێناو پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ و نزیکترین هاوپەیمانی کە لەگەڵیاندا پێکیبهێنین حزبی تەقەدومە بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی."

ئەو ئەندامەی رەوتی سەدر باسی لەوەشکردووە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەخێرایی ئاماری دەنگدانی راگەیاند، بۆ ئەوەی دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی عێراق دووربخاتەوە.

رۆژی یەکشەممە، ١٠ی تشرینى یەکەم دەنگدانی گشتی و رۆژی هەینی ٨ی ئەم مانگەش دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستیپێکرد و تا ٦ی ئێوارە بەردەوامبوو.

دوای تەواوبوونی هەردوو دەنگدانی (گشتی و تایبەت)، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کە پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچووە و ئەنجامی بەراوردکاری دەنگەکانی دەستی و ئەلیکترۆنیدا، دەنگەکان هاوتابوون و رەوتی سەدر بووە یەکەم هێز لە عێراقدا بە بەدەستهێنانی زیاتر لە ٧٠ کورسی.








گەلەری