سەردێڕ:

وێنە.. هەوادارانی کاندیدێکی سەرنەکەوتوو؛ رێگایەکی سەرەکییان داخست

PM:05:21:12/10/2021

34352 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، پاش ئەوەی یەکێک لە کاندیدەکانی پارێزگای دیالە دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا، ئەمڕۆ لەلایەن هەوادارانییەوە رێگای سەرەکی نێوان بەغدا - کەرکوکیان داخرا.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی راشیگەیاند، دوای ئەوەی ریاز عەباس تەمیمی، وەکو کاندیدێک لەسەر پارێزگای دیالە دەنگی پێویستی نەهێنا و نەیتوانی سەرکەوتووێت بۆ پەرلەمانی عێراق، هەوادارانی وەکو کاردانەوەیەک رێگای سەرەکی نێوان بەغدا - کەرکوکیان داخست.

ئاماژەی بەوەشکردووە، داخستنی رێگاکە بووە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەر ئەو رێگا سەرەکییە و هاوڵاتییان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک چاوەڕوانی کردنەوەی رێگاکە بوون.

رۆژی یەکشەممە، ١٠ی تشرینى یەکەم دەنگدانی گشتی و رۆژی هەینی ٨ی ئەم مانگەش دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستیپێکرد و تا ٦ی ئێوارە بەردەوامبوو.

دوای تەواوبوونی هەردوو دەنگدانی (گشتی و تایبەت)، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کە پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچووە و ئەنجامی بەراوردکاری دەنگەکانی دەستی و ئەلیکترۆنیدا، دەنگەکان هاوتابوون.

لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ کاندید بەشدارییان کرد لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و سەرجەمیان کێبڕکێیان کرد بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق.














گەلەری