PM:05:05:12/10/2021
12616 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، پاش ئەوەی بەهۆی پرۆژەیەکی چاکسازییەوە بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبووەوە، بڕیارە لە کاتژمێر ٧ی ئێوارەوە پێدانی کارەبا ئاسایی بێتەوە.
وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، "کۆمپانیای داناگاز لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە دەستی بە جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆڵ کرد، کە بەهۆیەوە ناردنی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان کەمبووەوە و لە ئەنجامدا کاریگەری بەسەر ماوەکانی پێدانی کارەبا هەبوو."
ئاماژەی بەوەشکردووە،
"لە ئێستادا پرۆژەی چاکسازی لە كێڵگەی كۆرمۆڵ لەلایەن کۆمپانیای داناگازەوە بە
هاوکاری لەگەڵ تیمی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان بەرەو تەواوبوون
دەچێت و دۆخی کارەبا بەر لە کاتی دیاریکراودا، لە کاتژمێر ٧ی ئێوارە بە تەواوەتی
ئاسایی دەبێتەوە."
ماوەی ٣٠ ساڵە لە
هەرێم کێشەی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاوڵاتییان چارەسەرنەکراوە و کابینە
یەک لەدوا یەکەکانی حکومەتیش بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدەن، بەڵام کەمترین هەنگاوی
کردەییان لەو بوارەدا ناوە.