سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا: زیندانیکردنی چالاکوانانی بادینان کاریگەرى نەرێنى لەسەر هەڵبژاردنەکە هەبوو

PM:04:28:12/10/2021

2824 جار خوێندراوەتەوە

نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سزادانى چالاکوانانى بادینان و رۆژنامەنووسان بە شەش ساڵ زیندانیکردن، کاریگەرى نەرێنى لەسەر هەڵبژاردنەکە و ئازادى رادەربڕین هەبووە لە هەرێمى کوردستاندا.


ڤیۆلا کرامۆن نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیەنراوێکی بە هەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاوکردەوە تیایدا ئاماژەی بەوەدا، هەڵبژاردنەکان لە کەش و هەوایەکی ئارامدا بەڕێوەچوون و هیچ پێشێلکارییەکی گەورەشی تێدا تۆمارنەکراوە، ئاماژەی بەوەشداوە، سزادانی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان بە شەش ساڵ کاریگەری نەرێنی هەبوو لەسەر هەڵبژاردنەکان.

ماوەی زیاتر لە ١٤ مانگە، ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنووسی بادینان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمەوە بە چەند تۆمەتێک دەستگیرکراون، دواتریش دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ پێنج لەو دەستگیرکراوانە دەرکرد، سەرباری رەخنەکانیش لە بڕیارەکە، بەڵام دواجار دادگای پێداچوونەوە بڕیارەکەی پەسەند کرد.

باسی لەوەشکردووە، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بە گشتی رێز لە ئازادییە بنەڕەتیەکانی رادەربرین گیراوە، بەڵام چەندین راپۆرتیان بەدەستگەشتووە لەسەر هەڕەشە و ترساندن لە هەرێمی کوردستان.

نێردەی یەکێتی ئەوروپا ئەوەشی خستەڕوو، بەشێک لە پلەدارە حکومیەکان سامانی گشتیان بەکارهێنا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.

رۆژی یەکشەممە، ١٠ی تشرینى یەکەم دەنگدانی گشتی و رۆژی هەینی ٨ی ئەم مانگەش دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستیپێکرد و تا ٦ی ئێوارە بەردەوامبوو.

دوای تەواوبوونی هەردوو دەنگدانی (گشتی و تایبەت)، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کە پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچووە و ئەنجامی بەراوردکاری دەنگەکانی دەستی و ئەلیکترۆنیدا، دەنگەکان هاوتابوون.













گەلەری