سەردێڕ:

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی: لەگەڵ یەکێتی پێکەوە دەچينەوە بەغدا

PM:02:28:12/10/2021

18544 جار خوێندراوەتەوە

تەنها دواى تێپەڕبوونى یەک رۆژ بەسەر ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی ڕایگەیاند "لەگەڵ یەکێتی پێکەوە دەچینەوە بەغدا".


ئەمڕۆ سێشەممە، دڵشاد شەهاب ئەندامى سەرکردایەتى پارتى بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند "ئەوەی لە بانگەشە لەنێوان پارتی و یەکێتی ڕویدا گرنگ نییە و ئەوان بە چاوی بانگەشەوە سەیرى لایەنەکان ناکەن ولەگەڵ یەکێتیش پێکەوە دەچینەوە بەغدا".

دڵشاد شەهاب ئاماژەى بەوەش کرد "سەرۆکی هەرێم بانگهێشتی هەموو لایەنەکان دەکات بۆ کۆبوونەوە بە نەوەی نوێشەوە".

رۆژى یەکشەممەى، ١٠ی تشرینى یەکەم دەنگدانی گشتی و رۆژی هەینی ٨ی ئەم مانگەش دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستیپێکرد و تا ٦ی ئێوارە بەردەوامبوو.

دوای تەواوبوونی هەردوو دەنگدانی (گشتی و تایبەت)، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کە پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچووە و ئەنجامی بەراوردکاری دەنگەکانی دەستی و ئەلیکترۆنیدا، دەنگەکان هاوتابوون.

دوێنێ دووشەممە، کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان ئەنجامە بەراییەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى راگەیاند و بەگوێرەى ئەنجامەکان جوڵانەوەى نەوەى نوێ بووە خاوەنى ٩ کورسى پەرلەمان و بووە دووەمین هێزى هەرێمى کوردستان.

هەر بەپێی ئەنجامەکانى کۆمسیۆن، نەوەی نوێ دەنگی یەکەمی پارێزگای سلێمانی بەدەستهێناوە و لە هەولێریش پارتی یەکەمە و نەوەی نوێ دووەمە، بە جۆرێک لە بازنەی دووی هەولێر وەزیرە ئەحمەد کاندیدی نەوەی نوێ پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.

هاوکات، بەپێی داتاکانى کۆمسیۆن، لە کۆی ٩ بازنەی هەولێر و سلێمانی، کاندیدانی نەوەی نوێ لە شەش بازنە یەکەمن.













گەلەری