سەردێڕ:

کەشتییەکی نەوت مەترسی بۆ سەر ژیانی هەشت ملیۆن کەس دروستکردووە

PM:02:04:12/10/2021

16000 جار خوێندراوەتەوە

رژان و بڵاوبوونەوەی نەوتی نێو کەشتیی نەوتهەڵگەری FSO لەدەریای سوردا، مەترسیی بۆ سەر ئاوی خاوێنی زیاتر لە "هەشت ملیۆن کەس" دروستکردووە.


بارهەڵگرە نەوتییەکە لەساڵی ٢٠١٧ەوە لەدەریای سوردا بەهۆی ئاڵۆزیی و رێگرییەکانی ناوچەکەوە گیریخواردووە و لەلایەن حوسییەکانەوە رێگری بۆ درووستکراوە و بڕی ١.١ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتووە.

لە ئێستادا مەترسیی رژانی ئەو نەوتە دروستبووە و بەوەش، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر یەمەن دەبێت و لەگەڵ ئەوەشدا، هەریەکە لە سعوودیە، ئیریتریا و جیبوتی دەکەونە مەترسیی جددییەوە و سەرباری ئەمانەش، مەترسیی جددیی بۆ سەر ژینگەی ئەو ناوچەیە دروستدەکات.

لەنێوان هەر سێ لایەنی چەکدارانی حوسییەکان، حکومەتی دانپێدێنراوی یەمەن و نەتەوە یەکگرتووەکان گفتوگۆی بەردەوام هەیە و بۆ چەندین جاریش، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی رژانی نەوتەکە یان تێکشکانی کەشتییەکە داوە.

لەبارەی مەترسییەکانی ئەو بارهەڵگرە نەوتییەشەوە، توێژینەوەیەک لە رۆژنامەی " Nature Sustainability"دا بڵاوکراوەتەوە و توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، لە ئێستادا رژانی نەوتەکە لە بڵاوبوونەوەدایە و پێشبینیش دەکرێت بەرەو بەندەرەکانی دەریای سوور لەوانەش "حۆدیاح و سەلیف" بڕوات لەماوەی دوو هەفتەدا.

توێژینەوەکە ئەوەی خستوەتەڕوو، مەترسیی بڵاوبوونەوەی ٢٠٠ هەزار تۆن سوتەمەنی لەسنووری یەمەندا هەیە و ئەو بڕەش، هاوتایە لەگەڵ ٣٨٪ی بڕی پێویستیی سوتەمەنی ناوخۆیی یەمەنی، نرخی سوتەمەنیش بەرێژەی ٨٠٪ بەرزدەبێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا، بڵابوونەوەی ئەو سوتەمەنییە دەبێتە هۆی زیانگەیان بەسەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی هەشت ملیۆن کەس، هەروەها دوو ملیۆن کەسی دیکەش سەرچاوەی خاوێن لەدەستدەدەن گەر سوتەمەنییەکە بەردەوام بێت لە بڵاوبوونەوە.

بڵابوونەوە و رژانی سوتەمەنییەکە مەترسیی بۆ سەر ٦٦.٥٪ بۆ ٨٥.٢٪ی ماسیگرەکانی دەریای سوور لەسنووری یەمەندا لەماوەی هەفتەیەکدا، هەروەها مەترسییش بۆ سەر ٩٣.٥٪ بۆ ١٠٠٪ی ئەو ماسیگرانە دروستدەکات کە پشت بە وەرزی ماسیگرتن دەبەستن.

رۆژ بە رۆژ مەترسییەکانی سەر رژان و بڵاوبوونەوەی سوتەمەنییەکە زیاد دەکات، لە ئایاری ٢٠٢٠دا، ئاو چووە بەشی ئامێرەکانی کەشتییەکە و ئێستاش ئەو دەرچەیەی کە بڕێکی کەم سوتەمەنی لێ دەچێتە دەرەوە، مەترسیی جددی بۆ سەر رژان و دەرچوونی زیاتری سوتەمەنییەکە درووستکردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە حوسییەکان کردووە کە رێگە بدات بەدوداچوون بۆ ئەو بارهەڵگرە سوتەمەنییە بکات، لەبەرامبەریشدا حوسییەکان چاککردنی بارهەڵگرەکە بە مەرجی بەدواداچوونی بارهەڵگرەکە دادەنێت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، "ئەو بڕە پارەیەمان لەبەردەستدا نییە بۆ چاککردنی بارهەڵگرە نەوتییەکە".

 

نەورەس غەریب













گەلەری