لەپاش تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەت و دواتریش راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیامنی فەتح رایگەیاند، "ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکان، دەستکاری کراوە و رەتی دەکەینەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێکیدا ھادی عامری سەرکردەی ھاوپەیمانیی فەتح ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی رەتکردەوە و وتی، "دەستکاری کراوە".
سەرۆکی هاوپەیمانی
فەتح لە راگەیەندراوەکەیدا ئەوەشی وتووە، "ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە
قبوڵ ناکەین، چونکە دەستکاری کراوە"، و بەھەموو توانایەک، بەرگریی لە دەنگی
کاندیدان و دەنگدەرانی خۆیان دەکەن.
دوای راگەیاندنی
ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، ھەریەک لە ھاوپەیمانیی فەتح،
ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، عەسائیبی ئەھلی حەق و کەتائیبی حزبوڵڵا رایانگەیاندبوو،
"ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی
ھەڵبژاردنەکانەوە راگەیەندراوە، رەت دەکەینەوە".
دوێنێ دووشەممە،
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی
نوێنەرانی عێراقی بڵاوکردەوە و تیایدا، ژمارەی کورسییەکانی ھاوپەیمانیی فەتح بە بەراورد
بە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨، ٣٤ کورسی کەمی کردووە و ئەمجارەیان ١٤ کورسی بەدەستھێناوە،
بەجۆرێک ھاوپەیمانیی فەتح لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، ٤٨ کورسی بەدەستھێنابوو.
رۆژی ١٠ی ئەم
مانگە دەنگدانی گشتی و رۆژی هەینی ٨ی ئەم مانگەش دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەمین
خولی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستیپێکرد و تا ٦ی ئێوارە بەردەوامبوو.
دوای تەواوبوونی
هەردوو دەنگدانی (گشتی و تایبەت)، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
رایگەیاند، کە پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچووە و ئەنجامی بەراوردکاری دەنگەکانی
دەستی و ئەلیکترۆنیدا، دەنگەکان هاوتابوون.