شارەزایەکى کەشناسى رایگەیاند "لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست لەسەر ناوچەکانمان، سبەی یەکەم بارانبارینی ئەمساڵ ھەرێمی کوردستان ئەگرێتەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە، ئاراس جەبار شارەزاى کەشناسى لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بەوە کرد "سبەی چوارشەممە لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست لەسەر ناوچەکانمان ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور".
دەشڵێت "لەھەندێک کات بۆ ھەوری تەواو
دەگۆڕێت و لەکاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە ئەگەرەکانی بارانبارین کراوە دەبێت بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی و بارانی تاو
تاو بە روودانی ھەورە تریشقە و زیادبوونی خێرایی با بەتایبەت لەناوچەکانی سنوری
پارێزگای دھۆک و سنورە شاخاوییەکانی پارێزگاکەدا کاریگەری زیاتر ئەبێت".
لەبارەى پلەکانى گەرماش ئەو شارەزایە
ئاماژەى بەوە کرد "پلەکانی گەرما لە سنوری پارێزگای دھۆک بەھۆی کاریگەری
بارانبارینەوە بە رێژەی ٤ تا ٦ پلە روو لەنزمبوونەوە دەکات بەڵام لەناوچەکانی دیکەی
ھەرێم بەھۆی لاوازی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆکە تەنھا بەرێژەی ١ تا ٢ پلە نزمدەبنەوە".
رونیشیکردەوە "پلەکانى گەرما بەم شێوەیە
دەبێت لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم (سلێمانی ٣٠ پلە، ھەولێر ٢٩ پلە، دھۆک ٢٥ پلە،
ھەڵەبجە ٣٢ پلە، کەرکوک ٣٣ پلە) لە ناوچەکانی گەرمیان پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و
لەنێوان ٣٦ بۆ ٣٧ پلە دەبێت لەسنوری ئیدارەی راپەرین لەنێوان ٢٩ بۆ ٣٠ پلە دەبێت".
سەبارەت بە ئەگەری بارانبارین لەناوچەکانی
دیکەی ھەرێم ئەو شارەزاى کەشناسییە ئاماژەى بەوە کرد "تا سنوری پارێزگای ھەولێر
و ناوچە شاخاوییەکانی ئەگەری بارانبارین دەبێت بەرێژەی کەم و پچر پچر لەھەندێ
کاتدا لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و ئیدارەی راپەرین کاریگەری
لاوازتر دەبێتەوە لەھەندێ ناوچەدا لەوانەیە نمە باران ھەبێت بەشێوەی کورتخایەن".
ئاراس جەبار ئاماژەى بەوە کرد "لەم
جۆرە نزمە پاڵەپەستۆیەدا مەرج نیە لەھەموو ناوچەیەک بارانبارین ھەبێت بەڵکو بەشێوەی
ھەرەمەکی ھەور ئاسمانی لەناوچەکاندا چردەبێتەوە کە ئەمەش لەوانەیە لەکاتی چربوونەوەی
ھەورەکاندا گۆرانکاری بەسەردا بێتەوە کاریش بکاتە سەر بڕ و رێژەی بارانەکە و لە
سنوری گەرمیان و پارێزگای ھەڵەبجەدا کاریگەری بەشێوەی باران نابێت و تەنھا ھەور لە
ئاسمانی ناوچەکەدا ئەبینرێت".