وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان داوای پەیوەندییەکی باشی کرد لەگەڵ جیهاندا، بەڵام خۆی بەدوورگرت لەسەر لێدوانی یەکلاکەرەوە لەسەر خوێندنی کچان، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا لە تاڵیبان دەکات ڕێگە بدات منداڵانی ئەفغانی بگەڕێنەوە خوێندنگاکان.
ئەمیر خان موتەقی وەزیری دەرەوەی کاربەڕێکەری حکومەتەکەی تاڵیبان رایگەیاند، " دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبکات بە هاریکاریکردن لەگەڵماندا، لەگەڵ ئەمەدا دەتوانین ناسەقامگیری ڕابگرین و لە هەمان کاتیشدا لەو ڕێیەوە دەتوانین بەشێوەیەکی ئەرێنی لەگەڵ جیهاندا پەیوەندی بکەین."
دوێنێش، وتەبێژی بزوتنەوەى
تاڵیبان رایگەیاند، بزوتنەوەکەیان دەست بە دانوستان لەگەڵ روسیا دەکات بۆ ئەوەى مۆسکۆ
دان بە حکومەتەکەیاندا بنێت و باڵیۆزخانەکەى لە کابوڵ بکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی کاربەڕێکەری حکومەتەکەی تاڵیبان ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی ئیماڕاتی ئیسلامی
تاڵیبان بە ئاگاییەوە هەنگاوی گرتۆتەبەر و تەنها چەند هەفتەیەکی کەمە دەسەڵاتی گرتۆتەوە
دەست".
ئەمیر خان موتەقی باسی لەوەشکردووە، پێشبینی ئەوە لەم
حکومەتە کاربەڕێکەرەی ئێستا ناکرێ ئەو چاکسازییانە ئەنجام بدات کە لە ماوەی ٢٠ ساڵی
ڕابردوودا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شکستی هێناوە لە ئەفغانستاندا بەرجەستەیان بکات.
دەشڵێت، "حکومەتی پێشووی ئەفغانستان سەرچاوەی
ئابووری زۆریان لەبەردەستدا بوو هەروەها پشتیوانیەکی گەورەی نێودەوڵەتییان لێدەکرا،
لە هەمان کاتیشدا داوا لە ئێمە دەکەن ئەو چاکسازییانە لە دوو مانگدا ئەنجام بدەین".
رۆژی ١٥ی مانگی ئابی ئەمساڵ، بزوتنەوەی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی
زیاتر لە ٢٠ گەورە ویلایەتی ئەو وڵاتە، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند
کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئەفغانستان، وڵاتی بەرەو تاجیکاستان
بەجێهشت و لە ئێستادا وڵات لەلایەن تاڵیبانەوە بەڕێوەدەبرێت.