سەردێڕ:

لێدوانى سەدر لەبارەى بەرزکردنەوەى بەهاى دینارى عێراقى

AM:09:06:12/10/2021

31680 جار خوێندراوەتەوە

رێبەرى رەوتى سەدر رایگەیاند "کار دەکەین بۆ بەرزکردنەوەى بەهاى دینارى عێراقى بۆ ئەوەى هاوتاى دراوە جیهانییەکان بێت".


موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر لە پەیامێکدا لەدواى راگەیاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند "سەرکەوتنى چاکسازى سەرکەوتنى عێراقە و لەمڕۆ بەدواوە شوێنێک بۆ گەندەڵى و گەندەڵکاران نامێنێتەوە".

ئاماژەى بەوەش کرد "ئەمە رۆژى ئێوەیە ئەى گەلى عێراق، رۆژێک کە چاکسازى تیایدا سەرکەوت، ئەمڕۆ رۆژى عێراقە و رۆژى گەل و دەوڵەتە".

رونیشیکردەوە، کار دەکەن بۆ دروستکردنى یەکڕیزى نێوان هۆزەکان و رۆڵى کارایان پێدەدەین لە پاراستنى عێراق و سەقامگیرکردنى ئاسایشەکەى.

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر پێویست بکات بە خوێنى خۆیان گەندەڵى لەناو دەبەین.

سەدر ئاماژەى بەوە کرد پێشوازى لە هەموو باڵیۆزخانەیەک دەکەین بەو مەرجەى خۆیان لە کاروبارى عێراق و پێکهێنانى حکومەت دەستوەردان نەکەن و هۆشدارى ئەوەشیدا کە بۆ هەر دەستێوەردانێک وەڵامى دبلۆماسیانە و جەماوەرییان دەبێت. چونکە عێراق تەنها بۆ عێراقییەکانە و بەهیچ جۆرێک رێگە بە دەستێوەردانى هیچ لایەنێکى دەرەکى نادەین.

لەبەشێکى ترى پەیامەکەیدا موقتەدا سەدر ئاماژەى بەوە کرد کە لەمڕۆ بەدواوە رێگە نادەن حکومەت و پارتەکان یارى بە پارە و خێروبێرى وڵاتەوە بکەن و دەبێت نەوت و پارە و خێروبێرى عێراق تەنها بۆ گەل بێت.

رونیشیکردەوە "کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەى بەهاى دینارى عێراقى بۆ ئەوەى هاوتاى دراوە بیانییەکان بێت".













گەلەری