سەردێڕ:

لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە؛ نەتەوەیەکگرتووەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە

PM:08:51:11/10/2021

8536 جار خوێندراوەتەوە

پاش تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و راگەیاندنی ئەنجامە پێشوەختەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان لە پەیامێکدا دەڵێت، "دەستخۆشی لە ئافرەتان و پیاوانی عێراق دەکەین بۆ سووربوون لەسەر گوێبیستبوونی دەنگیان لە رێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە."


لە پەیامەکەیدا، ستیفان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، "سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رەچاوی هەوڵی بێپایانی دامودەزگاکانی هەڵبژاردن و ئاسایش دەکات بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بە شێوەیەکی ئاشتییانە، کە داواکاری گەلی عیراق بوو بەمەبەستی چاکسازی و بەرپرسیارێتی و داهاتوویەکی باشتر."

ستیفان دوجاریک ئەوەشی خستووەتەڕوو، "داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە ئارامبگرن و رێز لە کاتە دیاریکراوەکانی هەڵبژاردن بگرن لە کاتێکدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان خشتەسازی بۆ ئەنجامەکان دەکات."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "هەر ناڕەزایەتییەکی هەڵبژاردن ئەگەر سەریهەڵدا با لەرێگەی کەناڵە یاساییە باوەڕپێکراوەکان یەکلابکرێنەوە و با پرۆسەی هەڵبژاردنیش تەواوبکرێت بە پێکهێنانی کابینەی حکومەت بە زووترین کات."

دوێنێ یەکشەممە، ١٠ی تشرینى یەکەم دەنگدانی گشتی و رۆژی هەینی ٨ی ئەم مانگەش دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستیپێکرد و تا ٦ی ئێوارە بەردەوامبوو.

دوای تەواوبوونی هەردوو دەنگدانی (گشتی و تایبەت)، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کە پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچووە و ئەنجامی بەراوردکاری دەنگەکانی دەستی و ئەلیکترۆنیدا، دەنگەکان هاوتابوون.













گەلەری