سەردێڕ:

شا سەلمان دیاری ساختەی داوەتە تڕەمپ

PM:12:30:11/10/2021

23884 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی نیۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، شا سەلمان عەبدولعەزیز پادشای سعودییە سێ چاکەتی بە دیاری داوەتە دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و دەرکەوتووە لە خوری شێر و پڵنگ دروست نەکراوە و ساختەیە.


لە مانگی ئایاری ٢٠١٧ کاتێک دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە سعودییە، شا سەلمان عەبدولعەزیز پادشای ئەو وڵاتە ٢٨ پارچە دیاری بنەماڵەی پاشایەتی دایە تڕەمپ کە لە پێڵاو و عەگال و چەند دیارییەکی دیکەی گرانبەھایان پێکھاتبوو.
لەنێو دیارییەکاندا، سێ چاکەتی تێدابووە کەلە خوری پڵنگ و شێر دروستکراون. ھەروەھا، خەنجەرێکی تێدابووە کە وا دەردەکەوێت دەسکەکەی لە عاج دروستکرابێت.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، لە کۆتا رۆژەکانی مانەوەی تڕەمپ لە کۆشکی سپیدا، دیارییەکانی رادەستی ئیدارەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان کردووە، لە جیاتی ئەوەی رادەستی ئیدارەی خزمەتگوزاری ماسییەکان و ژیانی ئاژەڵە کێوییەکانی ئەمریکی بکات.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای رادەستکردنی دیارییەکان، شیکارییان بۆ کراوە و دەرکەوتووە سێ چاکەتەکە ئاسایین و لە خوری شێر و پڵنگ دروست نەکراون.
لەلایەن خۆیەوە تایلەر شیری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا، کە سەرپەرشتیاری خزمەتگوزاریی ماسییەکان و ژیانی ئاژەڵە کێوییەکان دەکات رایگەیاند، "پشکنەرانی ژیانی ئاژەڵە کێوییەکان بڕیاریانداوە کە چاکەتەکان ئاسایین".
دەشڵێت، بەڵام دەرکەوتووە پێدەچێت دەسکی خەنجەرەکە لە عاج یان ئێکسی ددان دروستکرابێت.
رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، کە نازانرێت ئایا سعودییەکان خۆیان دەزانن کە چاکەتەکان ئاسایین و لە خوری پڵنگ و شێر دروست نەکراون.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەساڵی ١٩٦٦ کۆنگرێس یاسایەکی دەرکردووە تیایدا دیاری کردووە ئەو دیاریەی نرخەکەی ٤١٥ دۆلاربێت، سەرۆکی وڵات دەتوانێت پارێزگاری لێبکات.
 
کـ ، ئـ












گەلەری