پاش ئەوەی دەنگدانی گشتی لە کاتژمێر ٦ی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆتاییهات، نوسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "٤٣٪ی دەنگدەران لە پارێزگای هەولێر بەشدارییان لەهەڵبژاردنەکەدا کردووە."
لە راگەیەنراوێکدا، نوسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتیانی لە پرۆسەی دەنگداندا بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، رێژەی ٤٣٪ی هاوڵاتییانی هەولێر بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگداندا کردووە.
نوسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی
بەوەشکردووە، رێژەی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر (یەک ملیۆن و ١٥٩ هەزار و ٧٥٠ دەنگدەر)
بووە و لەو رێژەیەش (٥٠٢ هەزار و ٧٧٣ دەنگدەر) بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٠ی مانگ دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەم
خولی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستیپێکرد و تا ٦ی ئێوارە بەردەوامبوو
و ھاوڵاتییان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
لە سەرانسەری عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ٢٤ ملیۆن
و ٩٠٧ هەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو رێژەیەش، لە هەرێمی کوردستان ٣
ملیۆن و ٤٨٦ هەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانیان هەیە و بە دەنگەکانی کەرکوکەوە ٤ ملیۆن
و ٤٩٣ هەزار و ١٦٩ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.