سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنی میللەتە

PM:08:27:10/10/2021

55300 جار خوێندراوەتەوە

پاش تەواوبوونی هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ، "ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنی میللەتە و دەنگەکانتان ئەمانەتە لە گەردنمان، نە بازرگانی پێوە دەکەین و هیچ مامەڵەیەک."


نەوەی نوێ گەورەترین موفاجەئەی تۆمار کرد، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی سنوری سلێمانی و هەولێر و هەلەبجە و ئیدارەی راپەرین و گەرمیان و کەرکوک یەکەمە، لە دهۆکیش دووەمە.

هاوکات، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، "ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنی میللەتە و دەنگەکانتان ئەمانەتە لە گەردنمان، نە بازرگانی پێوە دەکەین و هیچ مامەڵەیەک."

ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٠ی مانگ دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستیپێکرد و تا ٦ی ئێوارە بەردەوامبوو و ھاوڵاتییان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

رۆژی هەینی ٨ی مانگیش، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو و هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان و بەشێک لە زیندانیان چوونە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگیاندا.

بڕیاربوو هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچوایە، بەڵام لەسەر داواکاری خۆپیشاندەران پێشخرا، ئەوەش بۆ رازیكردنی خۆپیشاندەرانی ناڕازیی عێراق كە ساڵی ٢٠١٩ رژانە سەرشەقامەكان لەدژی گەندەڵی ‌و كەمی خزمەتگوزارییەكان‌، خۆپیشاندەران لەو کاتەدا دەیانوت، بەرپرسانی باڵای حكومڕان دەسەڵاتەکانیان بۆ بەرژەوەندی و دەوڵەمەندكردنی خۆیان قۆزتوەتەوە.

لەم هەڵبژاردنەدا عێراق بەسەر ٨٣ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشبووە و لەهەڵبژاردنی پێشووشدا، ٨١ بازنەبوو، هاوکات بازنەکانی هەرێمی کوردستان بە کەرکوکیشەوە ١٥ بازنەیە.

لەم هەڵبژاردنەدا، کار بە سیستمی (تاک دەنگی نەگوێزراوە) دەکرێت، واتە ئەو دەنگە زیادانەی لە کاندیدێک دەمێنێتەوە ناگوێزرێتەوە بۆ کەسی تر یان کەسێكی تری ھەمان لایەنه سیاسییه‌كه‌، بەوەش کام کاندید زۆرترین دەنگەکانی بازنەکەی خۆی بەدەست بهێنێت بەشێوەی ڕیزبەندی سەردەکەوێت.

ئەگەر بازنەیەک چوار کورسی بۆ تەرخان کرابوو، ئەوا لەو بازنەیەدا (٤) کاندیدی خاوەن زۆرترین دەنگ سەردەکەون به‌شێوه‌ی ریزبه‌ندی، بەم مەرجانە:

‌‌ئـ. یەکێک لە سەرکەوتووەکان ئافرەت بێت.

ب. ئەگەر هەر چواریان لە رەگەزی نێربن، ئەوا کەسی چوارەمیان جێی دەهێڵێت بۆ ئافرەتێک کە زۆرترین دەنگی نێو ئافرەتەکانی بازنەکەی خۆی بەدەستهێنابێت.

ج. ئەگەر دوو کاندیدی کۆتایی (ئەوانەی کێبڕکێ لەسەر کورسی چوارەم دەکەن) دەنگەکانیان یەکسان بوو، ئەوا بەپێی هەمان یاسا و ماددە، تیروپشکیان بۆ ئەنجام دەدرێت.

لە سەرانسەری عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ هەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو رێژەیەش، لە هەرێمی کوردستان ٣ ملیۆن و ٤٨٦ هەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانیان هەیە و بە دەنگەکانی کەرکوکەوە ٤ ملیۆن و ٤٩٣ هەزار و ١٦٩ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

لەبارەی ژمارەی کانیدەدەکانیشەوە، لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ کاندید بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق.

هاوکات، (٦٧) کاندیدیش لەسەر ئاستی عێراق رکابەری بەدەستهێنانی (٩) کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەکەن.













گەلەری