سەردێڕ:

کۆمسیۆن لەبارەی کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکانەوە روونکردنەوە دەدات

PM:07:51:10/10/2021

36984 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا رادەگەیەنرێت نەک لە دوای ٢٤ کاتژمێری دیکە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، جەلیل عەدنان سەرۆکی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا رادەگەیەنرێت نەک لە دوای ٢٤ کاتژمێری دیکە، وتیشی، لە نزیکترین کاتدا رێژەی بەشداربووان ئاشکرا دەکرێت.

لەبارەی تۆمارکردن و پێشکەشکردنی ساکاڵاوە بەرامبەر هەر پێشێلکارییەک، ئاماژەی بەوەشدا، هەر پێشێلکارییەک لەلایەن هەرکەسێکەوە تۆمارکراوە دەبێت بیخاتە ناو سندوقێکەوە و نەیداتە دەست هیچ کارمەندێکی کۆمسیۆن، دەبێت سکاڵاکان نهێنیبن.

جەلیل عەدنان باسی لەوەشکرد، پرۆسەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە کۆتایی پێهات.

ئەمڕۆ دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و هەڵبژاردنەکە لەژێر چاودێرى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانى نێودەوڵەتیدا بوو.

لە سەرانسەری عێراق بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان هەشت هەزار و ٢٧٣ بنکەی دەنگدان کراونەتەوە کە ٥٥ هەزار و ٤١ وێستگەی دەنگدانیان تێدایە.

لەدەنگدانى گشتیدا ٢٣ ملیۆن و ٩٨٦ هەزار و ٧٤١ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و سێ هەزار و ٢٢٦ کاندید کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن.

بەوتەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دوای ٢٤ کاتژمێر لە تەواوبوونی پرۆسەکە رادەگەیەندرێت.













گەلەری