ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و ئێستا کاتژمێر شەشی تەواوە پرۆسەکە کۆتایی پێهات و سندوقەکانی دەنگدان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لەکاردەکەون.
جەلیل عەدنان سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیاران رایگەیاندووە، هەڵبژاردن درێژناکرێتەوە و پرۆسەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاتژمێر ٦ی ئێوارە کۆتایی پێدێت.
ئاماژەی بەوەشدا، رێژەی بەشداربووان زۆرباشە و سێیەکی دەنگدەران
دەنگیان داوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنەکە لەژێر چاودێرى رێکخراوى
نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانى نێودەوڵەتى بەڕێوەدەچێت.
لە سەرانسەری عێراق بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان هەشت
هەزار و ٢٧٣ بنکەی دەنگدان کراونەتەوە کە ٥٥ هەزار و ٤١ وێستگەی دەنگدانیان تێدایە.
لەدەنگدانى گشتیدا ٢٣ ملیۆن و ٩٨٦ هەزار و ٧٤١ دەنگدەر
مافی دەنگدانیان هەیە و سێ هەزار و ٢٢٦ کاندید کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی
عێراق دەکەن.
بەگوتەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامە
بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دوای ٢٤ کاتژمێر لە
دوای تەواوبوونی پرۆسەکە رادەگەیەندرێت.