کەمتر لە نیو کاتژمێری دیکە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کۆتایی پێدێت و هێشتا هاوڵاتیان روو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن و دەنگەکانیان دەدەن.
ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و وەک چاودێرانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەڵێن، پرۆسەکە بە شێوەکی باش بەڕێوەچووە و رێژەی بەشداریکردن لە دەنگداندا زۆر بووە.
لەو بارەیەشەوە جەلیل عەدنان سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیاران
رایگەیاندووە، هەڵبژاردن درێژناکرێتەوە و پرۆسەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاتژمێر ٦ی
ئێوارە کۆتایی پێدێت.
ئاماژەی بەوەشدا، رێژەی بەشداربووان زۆرباشە و تائێستا سێیەکی
دەنگدەران دەنگیان داوە.
دەنگدانى گشتی هەتا کاتژمێر ٦ى ئێوارە بەردەوام دەبێت و
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند لەدواى ٢٤ کاتژمێر ئەنجامى
بەرایى هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنن.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنەکە لەژێر چاودێرى رێکخراوى
نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانى نێودەوڵەتى بەڕێوەدەچێت.
لە سەرانسەری عێراق بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان هەشت
هەزار و ٢٧٣ بنکەی دەنگدان کراونەتەوە کە ٥٥ هەزار و ٤١ وێستگەی دەنگدانیان تێدایە.
لەدەنگدانى گشتیدا ٢٣ ملیۆن و ٩٨٦ هەزار و ٧٤١ دەنگدەر
مافی دەنگدانیان هەیە و سێ هەزار و ٢٢٦ کاندید کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی
عێراق دەکەن.