سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردن لەسەرخۆ و بێ هیچ ترسێک و بەباشی بەڕێوە دەچێت، دەشڵێت، پێشوازییەکی گەرم لە پرۆژەکە هەیە.
فیولا فۆن کرامۆن پەیک و سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق بە ماڵپەڕی حوڕەی راگەیاندووە، پرۆسەی دەنگدان بەشێوەیەکی لەسەرخۆ و بەڕێک و پێکی و بێ هیچ ترسێک بەڕێوەدەچێت.
لە لێدوانێکیشیدا
بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، "کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان
کارێکی زۆر باشی کردووە، تا ئێستا هیچ تێبینییەکیان لەسەر پرۆسەکە لەلا دروست نەبووە."
ئەوەشی خستەڕوو،
"لە ئێستادا تەنها چاوەڕێ دەکەن و چاودێری بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەکەن"،وتیشی، لە ئێستادا
ناتوانن هیچ لەسەر ئەنجامەکان بڵێن، هیچ پێشبینییەکیشیان بۆی نییە.
دەشڵێت، تاکە شتێک
بتوانێت قسەی لەبارەوە بکات ئەوەیە، پێشوازییەکی گەرم هەیە لە پرۆسەکە و پرۆسەکەش
بەبێ کێشە و لەسەر خۆ بەڕێوەدەچێت.
ئەمە لەکاتێکدایە،
لەکاتژمێر ٧ی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
دەستیپێکرد و ھەڵبژاردنەکە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتیی
بەڕێوەدەچێت.
دەنگدانی گشتی ھەتا
کاتژمێر ٦ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق
رایگەیاند لەدوای ٢٤ کاتژمێر ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکە رادەگەیەنن.
کـ، ئـ