سەردێڕ:

ئیمارات مەرجەکانی پێدانی ڤیزای گەشتیاری ئاشکرا کرد

PM:04:26:10/10/2021

12420 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی یەکێتی بۆ ناسنامە و رەگەزنامەی ئیمارات رایگەیاند، گەشتیارانی بیانی دەتوانن بە چەند مەرجێک داوای ڤیزای گەشتیاری بۆ ماوەی پێنج ساڵ بکەن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی یەکێتی بۆ ناسنامە و رەگەزنامەی ئیمارات رایگەیاند، ئەوکەسەی داوای ڤیزای گەشتیاری پێشکەشدەکات دەبێت ھەژمارێکی بانکی ھەبێ کە چوار ھەزار دۆلاری تێدابێت یان بەھاکەی تێدابێت لە دراوی بیانی دیکە و کۆتا جاریش کە پارەی لێراکێشاوە شەش مانگی بەسەردا تێپەڕبووبێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە داواکار بیمەی تەندروستی و وێنەیەک لە پاسپۆرتەکەی و وێنەیەکی رەنگاوڕەنگی خۆی پێبێت.
 دەستەی یەکێتی بۆ ناسنامە و رەگەزنامەی ئیمارات ئاماژەی بەوەشداوە، ھەموو کەسێک دەتوانێت داوای ڤیزای گەشتیاری بۆ ماوەی پێنج  ساڵ بکات، بەمەرجێک ماوەی مانەوەی لە ٩٠ رۆژ زیاترنەبێت لە ساڵێکدا.
ئاشکراشی کردووە، ھەژمارکردنی ساڵی یەکەم دووەم و تا پێنجەم، لەیەکەم رێکەوتی چوونە ناو ئەو وڵاتەوە دەستپێدەکات.
دەشڵێت، ھەر گەشتیارێک بەنیازبێت زیاتر لە ٩٠ رۆژ بمێنێتەوە، دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات، بەمەرجێک ماوەی مانەوەی لە ١٨٠ رۆژ زیاتر نەبێت.
دەستەی یەکێتی بۆ ناسنامە و رەگەزنامەی ئیمارات داوای لەگەشتیاران کردووە، لە پێگەی ئەلیکترۆنی دەستەکە تەواوی زانیارییەکانی خۆیان تۆماربکەن بە مەبەستی پێدانی ڤیزای گەشتیاری ماوە پێنج ساڵ بۆ ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ئیمارات، کە لە تەمووزی ٢٠١٨ەوە دەرکراوە، گەشتیاران دەتوانن ئەو منداڵانەی لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە ناو ئەو وڵاتەوە و تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە، لەھەموو باجێک دەبەخشرێن.

کـ ، ئـ












گەلەری