سەردێڕ:

دەنگدان بەردەوامە و رێژەی بەشداری کردن بەرەو هەڵکشان دەچێت

PM:03:29:10/10/2021

10440 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتژمێر ٧ى بەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە، دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەستیپێکرد و لە ئێستادا پرۆسەکە بەردەوامە و بەراورد بە بەیانی رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران روو لە هەڵکشانە.


جەلیل عەدنان سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیاران رایگەیاند، هەڵبژاردن بە هیچ شێوەیەک درێژناکرێتەوە و پرۆسەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاتژمێر ٦ی ئێوارە کۆتایی پێدێت.

ئاماژەی بەوەشدا، رێژەی بەشداربووان زۆرباشە و تائێستا سێیەکی دەنگدەران دەنییانداوە.

لەلایەکی دیکەوە، جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەبارەى شێوازى بەکارهێنانى مۆرى دەنگدان لەلایەن دەنگدەرەوە لە لێدوانێکى تایبەت بە ئێن ئاڕ تى ئاماژەى بەوە کرد "دەنگدەر لەکاتى دەنگداندا دەتوانێت مۆر بدات لە ژمارەى کاندید یان لە لۆگۆى جوڵانەوە و حیزب و یاخود مۆر بدات لەناوى کاندید".

وتەبێژى کۆمسیۆن روونیکردەوە "دەنگدەر لە هەر یەکێک لەو سێ بژاردەیە مۆرەکەى بدات دەنگدانەکەى هەژمار دەکرێت و کێشەى نییە".

ئەمە لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنەکە لەژێر چاودێرى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانى نێودەوڵەتیى بەڕێوەدەچێت.

لە سەرانسەری عێراق بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان هەشت هەزار و ٢٧٣ بنکەی دەنگدان کراونەتەوە کە ٥٥ هەزار و ٤١ وێستگەی دەنگدانیان تێدایە.

دەنگدانى گشتیى هەتا کاتژمێر ٦ى ئێوارە بەردەوام دەبێت و کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند لەدواى ٢٤ کاتژمێر ئەنجامى بەرایى هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنن.

لەدەنگدانى گشتیدا ٢٣ ملیۆن و ٩٨٦ هەزار و ٧٤١ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و سێ هەزار و ٢٢٦ کاندید کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن.













گەلەری