جینین ھێنیس پلاسخارت، پەیکی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لە نزیکەوە، سەردانی وێستگەیەکی دەنگدانی لە گەڕەکی ئەعزەمیەی بەغدا کرد.
نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فەیسبووکی خۆی چەند وێنەیەکی جینین پلاسخارت، پەیکی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، بڵاوکردەوە کە سەردانی یەکێک لە بنکەکانی دەنگدانی کردووە لە گەڕەکی ئەعزەمییە لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق.
پێشتر، لەکاتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی تایبەتدا، جێنین پلاسخارت پەیکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی بنکەی دەنگدانی کەمپی ئاوارەکانی کرد لە شێخان لە پارێزگای دھۆک و رایگەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان خوازیارە ھەڵبژاردنێکی جیاواز لە ھەڵبژاردنەکانی دیکە بەڕێوەبچێت.
لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، جنین بلاسخارت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە پارێزگای زیقار رایگەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان تەواوی پشتیوانی و ھەوڵی خۆی بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەخاتە گەڕ و ھەرشتێکیش بۆ ئەو ئامانجە پێویستبێت بەردەستی دەخات.
ئاماژەی بەوەشدا، لەو چوارچێوەیەشدا چاودێرەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێرەکانی خۆی لەسەرجەم پارێزگاکان لە رۆژی دەنگداندا بڵاودەکاتەوە بۆ چاودێریکردنی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.
جنین بلاسخارت ئەوەشی خستەڕوو، گوێبیستی دەنگی دەنگدەران دەبن و ئەوان ئەرکێکی گەورەیان لەسەرشانە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەکاتژمێر ٧ی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و ھەڵبژاردنەکە لەژێر چاودێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتیی بەڕێوەدەچێت.
دەنگدانی گشتی ھەتا کاتژمێر ٦ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند لەدوای ٢٤ کاتژمێر ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکە رادەگەیەنن.