لە ناوەندی توندبوونەوەی ململانێکانی نێوان چین و ئەمەریکا، پەکین هەوڵەکانی خۆی بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو فڕۆکانەی کە چاوی راداڕەکان درکیان پێناکات خستەگەڕ و لەنوێترین بڵاوکراوەشیدا، دروستکردنی "رادارێکی نوێ"ی راگەیاند کە هەموو فڕۆکەیەک ئاشکرادەکات.
پێش چەند رۆژێک، لە پێشانگای نێودەوڵەتی "تشوهای" تایبەت بە فڕۆکەوانی، حکومەتی چین رایگەیاند، رادارە نوێیەکەی بە "دژی شاراوەیی" وەسفکرد، کە لە توانایدایە ئەو فڕۆکانەی توانی خۆشاردنەوەیان هەیە ئاشکرا بکات و بەگوێرەی حکومەتی چینیش، "ئەم هەنگاوە سود بە توانای روبەڕوبونەوەی سوپای وڵاتەکەی دەگەیەنێت".
رۆژنامەی "ناشناڵ ئنترێست"ی ئەمەریکیش کە تایبەتە بە پرسە نێودەوڵەتییەکانەوە
ئاماژەی بەوە کردووە، رادارە چینییەکە ناوی "وای ئای سی-٨"ە و توانای
روبەڕوبونەوەی فڕۆکە شەڕکەرە ئەمەریکییەکانی وەک ئێف ٣٥" و "ئێف
٢٢"ی هەیە، کە ئەو دوو فڕۆکەیە بەوە ناسراون لەتوانایاندایە خۆیان لە رادار
بشارنەوە.
هەوڵەکانی چین لەسەرەتاکانی ٢٠٢٠دا دەستیپێکردووە بۆ بەرهەمهێنانی ئامێری
راداری تایبەت بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو فڕۆکانەی کە لە توانایاندایە خۆیان لە رادار
بشارنەوە و بە "ستێلس" یان بە عەرەبی بە "شەبەح" ناسراون.
لەنوێترین پێشهاتیشدا، لەراگەیەندراوێکدا، ناوەندی هێزە دەریاییەکانی
ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە، "ژێردەریایی یو ئێس ئێس" لەمیانەی ئەنجامدانی
مەشقی خولی خۆیدا لە دەریای باشوری چیندا بەر "تەنێکی نامۆ" کەوتووە و هیچ
زیانێکی گیانیشی لێ نەکەوتووەتەوە، ئەو ناوچەیەش بە قوڵایی ململانێکانی نێوان
واشنتۆن و پەکین ناسراوە.