بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەمجارە، رۆژێکی مێژووییە و داواکاری گەلە بۆ ژیانێکی شایستەتر و داواى لە هاوڵاتیان کرد بەشدارى تیادا بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆککۆماری عێراق لە یەکێك لە بنکەکانی دانگدان دەنگیدا و لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە هەموو هاوڵاتییەك بەشداری هەڵبژاردن بکات بۆ داهاتووی وڵاتەکەی.
باسی لەوەشکرد ''ئەمڕۆ رۆژی هاوڵاتییانە و بۆ عێراقیش سەرکەوتنێکی ترە.''
ئەمە لەکاتێکدایە، لەکاتژمێر ٧ى بەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە، دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى
عێراق دەستیپێکرد و هەڵبژاردنەکە لەژێر چاودێرى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان و
چاودێرانى نێودەوڵەتیى بەڕێوەدەچێت.
لە سەرانسەری عێراق
بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان هەشت هەزار و ٢٧٣ بنکەی دەنگدان کراونەتەوە کە ٥٥ هەزار
و ٤١ وێستگەی دەنگدانیان تێدایە.
لە سەرانسەری عێراقدا،
٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار
و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و لە ھەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن
و ٤٨٦ ھەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ٩٤١ ھەزار و
٣٠٦ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر،
سلێمانی و دھۆک دابەش بووە.
لە ھەولێر یەک ملیۆن
و ٢٣٨ ھەزار و ٣٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٥٧٧ ھەزار و ٥٩٧ کەس کارتی بایۆمەتری
دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و لە سلێمانی یەک ملیۆن و ٤٢٥ ھەزار و ٧٠٥ کەس مافی دەنگدانی
ھەیە و ٨٤٢ ھەزار و ٩٨٠ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، هەروەها لە
پارێزگای دھۆک-یش ٨٢٢ ھەزار و ٧٠٣ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٥٢٠ ھەزار و ٧٢٩ کەس
کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، بەڵام ئەوانەش کە کارتی بایۆمەتریان وەرنەگرتووەتەوە
بە کارتی کۆنی دەنگدان دەتوانن بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن بە هەندێک رێکاری دیکە و
سەلماندنی راستی خاوەندارێتی کارتەکە.
لەم ھەڵبژاردنەدا لە
سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و
١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ
دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.
پێشتر ژمارەی کاندیدەکان
سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس بوون، بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەست دا و کۆمیسیۆنیش بەتۆمەتەکانی
سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی کارتی دەنگدان
ژمارەیەکیانی دورخستەوە.
بە ھەرسێ پارێزگاکەی
ھەرێمی کوردستان، ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ٤٤ کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەردەکەوێت،
١٨ کورسی سلێمانی کە بەسەر پێنج بازنەی ھەڵبژاردن دابەش بووە، ١٥ کورسی ھەولێر بەسەر
چوار بازنە دابەشبوون و ١١ کورسی دھۆک-یش بەسەر سێ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشبوون، لەگەڵ
دوو کورسی کۆتای مەسیحییەکان کە یەکێکیان لە ھەولێر و ئەوی دیکەشیان لە دھۆکە.
دەنگدانى گشتیى هەتا
کاتژمێر ٦ى ئێوارە بەردەوام دەبێت و کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق
رایگەیاند لەدواى ٢٤ کاتژمێر ئەنجامى بەرایى هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنن.