سەردێڕ:

کۆمسیۆن وادەى راگەیاندنى ئەنجامى دەنگدانى تایبەت و گشتیى راگەیاند

AM:07:50:10/10/2021

16244 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەعێراق رایگەیاند، ئەنجامی دەنگدانی گشتی و تایبەت لە یەك کاتدا رادەگەیەنرێت و ئەو ئەنجامانەی بڵاوبوونەتەوە سەرچاوەکەی ئەوان نین.


ئەمڕۆ یەکشەممە، چاوگێك لە کۆمسیۆن رایگەیاند، ''کۆمسیۆن هیچ ئەنجامێکی دەنگدانی بڵاونەکردوەتەوە و ئەنجامەکان بەیەکەوە رادەگەیەنرێن.''

ئەمە لەکاتێکدایە، لەکاتژمێر ٧ى بەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە، دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەستیپێکرد و هەڵبژاردنەکە لەژێر چاودێرى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانى نێودەوڵەتیى بەڕێوەدەچێت.

لە سەرانسەری عێراق بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان هەشت هەزار و ٢٧٣ بنکەی دەنگدان کراونەتەوە کە ٥٥ هەزار و ٤١ وێستگەی دەنگدانیان تێدایە.

لە سەرانسەری عێراقدا، ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و لە ھەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن و ٤٨٦ ھەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ٩٤١ ھەزار و ٣٠٦ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابەش بووە.

لە ھەولێر یەک ملیۆن و ٢٣٨ ھەزار و ٣٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٥٧٧ ھەزار و ٥٩٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و لە سلێمانی یەک ملیۆن و ٤٢٥ ھەزار و ٧٠٥ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٨٤٢ ھەزار و ٩٨٠ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، هەروەها لە پارێزگای دھۆک-یش ٨٢٢ ھەزار و ٧٠٣ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٥٢٠ ھەزار و ٧٢٩ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، بەڵام ئەوانەش کە کارتی بایۆمەتریان وەرنەگرتووەتەوە بە کارتی کۆنی دەنگدان دەتوانن بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن بە هەندێک رێکاری دیکە و سەلماندنی راستی خاوەندارێتی کارتەکە.

لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.

پێشتر ژمارەی کاندیدەکان سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس بوون، بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەست دا و کۆمیسیۆنیش بەتۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی دورخستەوە.

بە ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان، ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ٤٤ کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەردەکەوێت، ١٨ کورسی سلێمانی کە بەسەر پێنج بازنەی ھەڵبژاردن دابەش بووە، ١٥ کورسی ھەولێر بەسەر چوار بازنە دابەشبوون و ١١ کورسی دھۆک-یش بەسەر سێ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشبوون، لەگەڵ دوو کورسی کۆتای مەسیحییەکان کە یەکێکیان لە ھەولێر و ئەوی دیکەشیان لە دھۆکە.

دەنگدانى گشتیى هەتا کاتژمێر ٦ى ئێوارە بەردەوام دەبێت و کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند لەدواى ٢٤ کاتژمێر ئەنجامى بەرایى هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنن.













گەلەری