سەردێڕ:

مستەفا کازمى لە بنکەیەکى شارى بەغدا دەنگیدا

AM:07:25:10/10/2021

4268 جار خوێندراوەتەوە

مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق لەبنکەیەکى شارى بەغدا دەنگیدا و رایگەیاند "بەڵێنەکەى خۆمان بردەسەر".


ئەمڕۆ یەکشەممە، مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەمیانەى بەشداریکردنى لە هەڵبژاردنى گشتى و دەنگدانى لە بنکەیەکى دەنگدان لەشارى بەغدا داواى لە هاوڵاتیان کرد کە بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە دۆخى ژیانیان بگۆڕن".

کازمى داواى لە هاووڵاتیان کرد بە بەشێوەیەکى بەرفراوان بەشدارى لە هەڵبژاردن بکەن".

وتیشى "بەڵێنەکەى خۆمان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن بردەسەر". 

سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوە کرد دەنگى هاوڵاتیان بەنرخن و داواى کرد هەلى گۆڕانکارى لەدەست نەدەن.

لەکاتژمێر ٧ى بەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە، دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەستیپێکرد و هەڵبژاردنەکە لەژێر چاودێرى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانى نێودەوڵەتیى بەڕێوەدەچێت.

لە سەرانسەری عێراق بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان هەشت هەزار و ٢٧٣ بنکەی دەنگدان کراونەتەوە کە ٥٥ هەزار و ٤١ وێستگەی دەنگدانیان تێدایە.

لە سەرانسەری عێراقدا، ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و لە ھەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن و ٤٨٦ ھەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ٩٤١ ھەزار و ٣٠٦ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابەش بووە.

لە ھەولێر یەک ملیۆن و ٢٣٨ ھەزار و ٣٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٥٧٧ ھەزار و ٥٩٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و لە سلێمانی یەک ملیۆن و ٤٢٥ ھەزار و ٧٠٥ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٨٤٢ ھەزار و ٩٨٠ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، هەروەها لە پارێزگای دھۆک-یش ٨٢٢ ھەزار و ٧٠٣ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٥٢٠ ھەزار و ٧٢٩ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، بەڵام ئەوانەش کە کارتی بایۆمەتریان وەرنەگرتووەتەوە بە کارتی کۆنی دەنگدان دەتوانن بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن بە هەندێک رێکاری دیکە و سەلماندنی راستی خاوەندارێتی کارتەکە.

لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.

پێشتر ژمارەی کاندیدەکان سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس بوون، بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەست دا و کۆمیسیۆنیش بەتۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی دورخستەوە.

بە ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان، ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ٤٤ کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەردەکەوێت، ١٨ کورسی سلێمانی کە بەسەر پێنج بازنەی ھەڵبژاردن دابەش بووە، ١٥ کورسی ھەولێر بەسەر چوار بازنە دابەشبوون و ١١ کورسی دھۆک-یش بەسەر سێ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشبوون، لەگەڵ دوو کورسی کۆتای مەسیحییەکان کە یەکێکیان لە ھەولێر و ئەوی دیکەشیان لە دھۆکە.

دەنگدانى گشتیى هەتا کاتژمێر ٦ى ئێوارە بەردەوام دەبێت و کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند لەدواى ٢٤ کاتژمێر ئەنجامى بەرایى هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنن.














گەلەری