دەنگدانى گشتیى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەستیپێکرد و بنکەکانى دەنگدان بەرووى دەنگدەران کرایەوە.
لەکاتژمێر ٧ى بەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە، دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەستیپێکرد و هەڵبژاردنەکە لەژێر چاودێرى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانى نێودەوڵەتیى بەڕێوەدەچێت.
لە سەرانسەری عێراق بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان
هەشت هەزار و ٢٧٣ بنکەی دەنگدان کراونەتەوە کە ٥٥ هەزار و ٤١ وێستگەی دەنگدانیان تێدایە.
لە سەرانسەری عێراقدا، ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و
٦٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری
دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و لە ھەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن و ٤٨٦ ھەزار و ٧٨٧ کەس مافی
دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ٩٤١ ھەزار و ٣٠٦ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی
وەرگرتووەتەوە و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابەش بووە.
لە ھەولێر یەک ملیۆن و ٢٣٨ ھەزار و ٣٧٩ کەس مافی
دەنگدانی ھەیە و ٥٧٧ ھەزار و ٥٩٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و لە
سلێمانی یەک ملیۆن و ٤٢٥ ھەزار و ٧٠٥ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٨٤٢ ھەزار و ٩٨٠ کەس
کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، هەروەها لە پارێزگای دھۆک-یش ٨٢٢ ھەزار و
٧٠٣ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٥٢٠ ھەزار و ٧٢٩ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە،
بەڵام ئەوانەش کە کارتی بایۆمەتریان وەرنەگرتووەتەوە بە کارتی کۆنی دەنگدان دەتوانن
بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن بە هەندێک رێکاری دیکە و سەلماندنی راستی خاوەندارێتی
کارتەکە.
لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار
و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا
و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩
کورسیی پەرلەمانی عێراق.
پێشتر ژمارەی کاندیدەکان سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس
بوون، بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەست دا و کۆمیسیۆنیش بەتۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی
بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی
دورخستەوە.
بە ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان، ھەولێر و
سلێمانی و دھۆک ٤٤ کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەردەکەوێت، ١٨ کورسی سلێمانی کە بەسەر
پێنج بازنەی ھەڵبژاردن دابەش بووە، ١٥ کورسی ھەولێر بەسەر چوار بازنە دابەشبوون و
١١ کورسی دھۆک-یش بەسەر سێ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشبوون، لەگەڵ دوو کورسی کۆتای مەسیحییەکان
کە یەکێکیان لە ھەولێر و ئەوی دیکەشیان لە دھۆکە.
دەنگدانى گشتیى هەتا کاتژمێر ٦ى ئێوارە بەردەوام
دەبێت و کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند لەدواى ٢٤ کاتژمێر
ئەنجامى بەرایى هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنن.
لەدەنگدانى گشتیدا
٢٣ ملیۆن و ٩٨٦ هەزار و ٧٤١ دەنگدەر مافی دەنگدانیان
هەیە و سێ هەزار و ٢٢٦ کاندید کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
دەنگدانى گشتیى هەتا کاتژمێر ٦ى ئێوارە
بەردەوام دەبێت و کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند لەدواى
٢٤ کاتژمێر ئەنجامى بەرایى هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنن.
عێراق لەم هەڵبژاردنەدا بەسەر ٨٣ بازنەدا
دابەشکراوە و لە هەر بازنەیەک کۆتایەک بۆ ژنان دانراوە لەگەڵ بوونى ٩ کورسى کۆتا
بۆ پێکهاتەکانى مەسیحى و شەبەک و ئێزدى و سائیبە و کوردانى فەیلى.
هاوکات دەنگدەران لە ٥٥ هەزار و ٤١ وێستگە
دەنگ دەدەن و لە هەر وێستگەیەک ٤٥٠ کەس دەنگ دەدەن.
لەم هەڵبژاردنەدا ٨٠٠ چاودێرى رێکخراوى
نەتەوە یەکگرتووەکان، ٧١٥ چاودێرى وڵاتانى جیهان و ٢٧٤ چاودێرى یەکێتى ئەوروپا و
وڵاتانى عەرەبى و دەیان رێکخراوى دیکەى نێودەوڵەتى و راگەیاندنى جیهانى بەشدارى لە
پرۆسەکەدا دەکەن.