سەردێڕ:

بڕیارێکی نوێ لەبارەی زانکۆ لاینەوە

PM:08:51:09/10/2021

6316 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدانەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا ماوەى زانکۆلاین بۆ ٤٨ کاتژمێری داهاتوو درێژبکاتەوە.


عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەلێدوانێکیدا رایگەیاند، لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى بۆ ئەوانەى تا ئێستا فۆڕمى زانکۆلاینیان پڕنەکردووەتەوە یان تەواویان نەکردووە، هەروەها بەهۆی ئەوەی ١٠ی ١٠ رۆژی دەنگدانە و هاوڵاتیان سەرقاڵی پرۆسەی دەنگدانن، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا ماوەى زانکۆلاین ٤٨ کاتژمێری دیکە واتە تا کاتژمێر ١٢ی شەوى رۆژى دووشەمە ١١ی ١٠، بۆ دەرچووانى قۆناغى دوانزەى ئاماەیی درێژبکرێتەوە.

باسی لەوەشکردووە، لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووان، کە بەهەر هۆکارێک بێت نەیانتوانیوە فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتە و فۆرمەکەیان تەواوبکەن.

عەباس ئەکرەم راشیگەیاند، ئەمە دوایین دەرفەتە و چیتر ماوەى زانکۆلاین درێژ ناکرێتەوە.

داواش لە دەرچووانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی دەکەن، لەماوەی ئەو ٤٨ کاتژمێرەی داهاتوودا فۆڕمەکانیان تەواو بکەن.

زانکۆلاین، سیستمێکی ئەلیکترۆنیە و خوێندکارانی دەرچووی پۆلی ١٢ی ئامادەیی، لەرێگای پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمەوە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە خوێندنی باڵا وەردەگیرێن، کە لە فۆڕمەکەدا ٥٠ بەشی جیاوازی زانکۆ و پەیمانگاکان بەپێی نمرەی خوێندکارەکە پڕدەکرێتەوە و بە شێوەی ئۆتۆماتیکی سیستمەکە ئەو بەشە هەڵدەبژێرێت کە بۆ نمرەی خوێندکارەکە دەگونجێت.

هـ.ئـ








گەلەری