سەردێڕ:

ئەمریکا دوای کشانەوەی لە ئەفغانستان بۆ یەکەمجار لەگەڵ تاڵیبان کۆدەبێتەوە

PM:06:01:09/10/2021

5888 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەینێ لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر لەنێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و تاڵیباندا زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجامدەدرێت و ئەمەش، بەیەکەم کۆبوونەوەی نێوانیان دادەنرێت لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە.


کۆبوونەوەکەی نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و تاڵیبان بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی گروپە توندڕەوەکان و ئاسانکاریکردن بۆ بردنە دەرەوەی هاوڵاتییانی بیانی لە ئەفغانستان.

سوهەیل شاهین وتەبێژی تاڵیبان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی "ئەسۆشییەیتد پریس" باسی لەوەکردووە، کۆبوونەوەکان ئەمڕۆ و سبەی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر ئەنجامدەدرێن و تیایدا چاویش بە رێککەوتننامەی دەوحەدا دەخشێندرێتەوە.

ئاژانسی ئەنادۆڵیش لە زاری بەرپرسێکی دیکەوە کە نەیویستوە ناوەکەی ئاشکرا بکات باسی لەوەکردووە، "پرسی تیرۆر و گفتوگۆکردن لەسەر ئاسانکاریکردن بۆ چوونە دەرەوەی هاوڵاتییانی بیانی لە ئەفغانستان، لە پرسە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دەبن."

رۆژی ١٥ی ئابی ئەمساڵ، بزوتنەوەی تاڵیبان پاش کۆنتڕۆڵکردنی زۆربەی ویلایەتە گەورەکانی ئەفغانستان، شاری کابوڵی پایتەختیان کۆنتڕۆڵکرد و ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەو وڵاتەش، بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵهات.

لە رۆژی ٣١ی ئابدا هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان کشانەوە و کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەو وڵاتە کەوتە دەست بزوتنەوەی تاڵیبان.

نـ،غـ













گەلەری