سەردێڕ:

عێراق: تائێستا بوونى دەروازە سنورییە نافەرمییەکانى هەرێم کۆتاییان پێنەهاتووە

PM:02:54:09/10/2021

2328 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق رایگەیاند، لە هەرێم ژمارەیەک دەروازەی سنوری نافەرمی هەن و کۆتاییان پێنەهاتووە.


ئەمڕۆ شەممە، عومەر وائیلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە عێراقدا دەروازەی سنوری وەهمی بوونی نییە، بەڵام لە هەرێم چەند دەروازەیەکی نافەرمی هەیە کە هەرێم کۆتاییان پێناهێنێت.

ئاماژەی بەوەشدا، دەستەکەیان چەندین کۆبوونەوەی سازکردوە و بەنووسراو داوای لە هەرێم کردووە ئەم دۆسیەیە کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام تائێستا نەیانتوانیوە ئەو کارە تەواو بکەن.

عومەر وائیلی ئەوەشی خستەڕوو، ئەرکی سەرەکی و لە پێشینەی دەستەی دەروازە سنورییەکان سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی عێراقە بە هەردوو بەشی پیشەسازی و کشتوکاڵییەوە.

دەشڵێت، لەسەرئاستی عێراق، پارێزگارییەکی باش لە بەرهەمی ناوخۆیی دەکرێت، بەڵام لەهەرێم ژمارەیەک دەروازەی نافەرمی هەن هێشتا دەستییان بەسەردا نەگیراوە، ئەمەش ناوبەناو کاریگەری لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی وڵات کردووە.

لەبارەی چۆنییەتی کارکردن لە دەروازە سنورییەکانەوە، عومەر وائیلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق باسی لەوەشکرد، چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لەئەستۆی سەرکردایەتی هێزە هاوبەشەکان و لایەنی چاودێریکردندایە کە دەبێت بەگوێرەی یاسا کاربکەن.

لەلایەکی دیکەوە لەبارەی زیادبوونی داهاتی دەروازە سنورییەکانەوە، ئاشکرای کرد، لە رێکەوتی ١ی١ی٢٠٢١ تا رێکەوتی ٣٠ی ٩ی ٢٠٢١ بەراورد بەساڵی رابردوو داهات زیاتر لە ١٦ ملیار دینار زیادی کردووە.

دەشڵێت، سەرجەمی دەروازە سنورییەکان لە عێراقدا ٢١ دەروازەن بە دەروازەی وشکانی و ئاوی و ئاسمانییەوە و سەرجەمیان لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە کۆنتڕۆڵکراون.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی رێککەوتنامەی یاسای بودجەی عێراق پێویستە حکومەتی هەرێم مانگانە ٥٠٪ داهاتی دەروازە سنورییەکان و نانەوتییەکان رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی بکات، سەرەڕای ئەوەی دەبێت سەرجەم ئەو دەروازانە لە ژێرکۆنتڕۆڵ و سەرپەرشتی حکومەتی فیدڕاڵیدابن.


کـ ، ئـ













گەلەری