لیژنەی باڵای ئەمنی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند، سەرجەم سندوقەکانی دەنگدانی تایبەت بە فڕۆکەی سەربازی و بێ کێشە گەیەنرانە بنکەی نیشتیمانی لەبەغدا.
ئەمڕۆ شەممە، غالب عەتییە وتەبێژی لیژنەی باڵای ئەمنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سەرجەم سندوقی دەنگدانی تایبەت گەیەنرانە بنکەی نیشتیمانی لە شاری بەغدا.
ئاماژەی بەوەشدا، سندوقەکان لە رێگەی فڕۆکەی سەربازییەوە گواستنراونەتەوە بە مەبەستی ئەوەی بە زوترین کات و بێ کێشەترین شێوە بگەیەنرێنە دەست کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان.
وتەبێژی لیژنەی باڵای ئەمنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق وتیشی، گواستنەوەی سندوقەکانیش لە ژێرچاودێری کۆمسیۆندابووە و لە بەغداش رادەستی خۆیانکراوە لە بنەکی نیشتیمانی.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە کاتژمێر ٧ی بەیانیدا دەستیپێکرد و لە ٦ی ئێوارەدا کۆتاییھات و سەرجەم سندوقەکان داخران و ئامێرەکان بەشێوەی ئۆتۆماتیکی کوژانەوە.
لە سەرانسەری عێراقدا یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان ھەبوو، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارە و لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان ھەبوو.
سبەینێ ١٠ی ١٠ دەنگدانی گشتی لەسەرتاسەری عێراقدا کاتژمێر ٧ی بەیانی دەست پێدەکات و تیایدا نزیکەی ٢٥ ملیۆن دەنگدەر روو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن بەمەبەستی ھەڵبژاردنی ٣٢٩ ئەندام پەرلەمانی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
کـ ، ئـ