سەردێڕ:

تۆڕی ڕێکخراوەکان بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان:هیچ هێزێک نییە بزانێت دەنگدەر دەنگى بە کێ داوە

PM:12:03:09/10/2021

4444 جار خوێندراوەتەوە

تۆڕى رێکخراوەکان بۆ چاودێرى هەڵبژاردنەکان رایگەیاند "هیچ هێزێک نییە بزانێت دەنگدەر دەنگى بە کێ داوە".


ئەمڕۆ شەممە، لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى ئامادەیبوو، تۆڕى رێکخراوەکان بۆ چاودێرى هەڵبژاردنەکان داوایان لە هاوڵاتیان کرد کە بە ئازادانە دەنگى خۆیان بدەن.

هۆشیار مالۆ لە تۆڕی هاوپەیمانی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند "ئامێرەکانى دەنگدان بەجۆرێکن کە کەس نازانێت دەنگدەر دەنگى بەکێ داوە".

جەختیشیکردەوە "هیچ هێزێک نییە بزانێت دەنگدەر دەنگى بە کێ داوە".

تۆڕی هاوپەیمانی لە حەوت تۆڕ پێکهاتووە کە بە دەیان ڕێکخراوی تێدایە و هاوبەشی سەرەکییان ڕێکخراوی ئینارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ چاودیریکردنی هەڵبژاردنەکان و لە سەرتاسەرى عێراق زیاتر لە ٣٥٠ چاودێریان هەیە.

 

هاوکات ئەمڕۆ کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند "ئەنجامى بەراوردکاریى جیاکردنەوەى دەنگدانى دەستى و ئەلیکترۆنى لە پڕۆسەى دەنگدانى تایبەت سەدا سەد هاوتابوون".

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دوای ئەوەی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تەواوبوو، ئەنجامی ئەلیکترۆنی بەسەر بریکارەکاندا دابەشکرا تا بەشێوەی دەستی جارێکی دیکە دەنگەکان جیابکرێنەوە و هەژامار بکرێن.

ئاماژەی بەوەشدا، جیاکردنەوە و هەژمارکردنی ئەلیکترۆنی ئەو بنکانەی دەستنیشان کرابوون، بەراورد کران بەو دەنگانەی بە دەست جیاکرابوونەوە و هەژمار کرابوون دەرکەوتووە ئەنجامەکان ١٠٠٪ هاوتا بوون.

دوێنێ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە کاتژمێر ٧ی بەیانیدا دەستیپێکرد و لە ٦ی ئێوارەدا کۆتاییهات و سەرجەم سندوقەکان داخران و ئامێرەکان بەشێوەی ئۆتۆماتیکی کوژانەوە.

لە سەرانسەری عێراقدا یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان هەبوو، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارە و لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.

سبەینێ ١٠ی ١٠ دەنگدانی گشتی لەسەرتاسەری عێراقدا کاتژمێر ٧ی بەیانی دەست پێدەکات و تیایدا نزیکەی ٢٥ ملیۆن دەنگدەر روو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن بەمەبەستی هەڵبژاردنی ٣٢٩ ئەندام پەرلەمانی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

 

هێرش قادر، هەولێر













گەلەری