سەردێڕ:

بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی ١٢ وڵاتی ئەوروپی داوای گرتنەبەری رێکارێکی نوێ دەکەن

AM:11:09:09/10/2021

4048 جار خوێندراوەتەوە

١٢ ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بە نوسراوێكی فەرمی داوایان لە کۆمسیۆنی ئەوروپا کردووە پارە تەرخان بکەن بۆ دروستکردنی دیوارێك بەمەبەستی رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی.


ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، وڵاتانی دەرەوەی کۆمسیۆنی ئەوروپا لەناویاندا یۆنان و نەمسا و هەنگاریا و پۆڵەندا داوایانکردووە سنورێک لە دیوار دروستبکرێت لەبەرامبەر کۆچبەرە نایاساییەکان.

لەناوەرۆکی ئەو نامەیەی ئاراستەی هەریەک لە مار گاریتس جێگری سەرۆک کۆمسیۆنی ئەوروپا و وڵفا جۆهانسۆن بەپرسی کاروباری ناوخۆیی کۆمسیۆنەکە کراوە و تیایدا هاتووە، ''بەدەر لە بودجەی کۆمسیۆن کە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکرێت، پێویستە ئەو پڕۆژەیە پاڵپشتی دارایی دیکە بکرێت".

ماڵپەڕی بلومبێرگ ئاماژەی بەوەشکردووە، لیتوانیا بڕیاڕیداوە پەرژینێکى تەل بەدرێژایی ٥٠٨ کیلۆمەتر لەسەر سنوری بیلاروسیا دروست بکات بۆ رێگریکردن لە شەپۆلی کۆچبەرە نایاساییەکان کە بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووە.

هاوکات، لاتیڤیاش بەنیازە بەدرێژایی ١٣٤ کیلۆمەتر لە رێگەی تەلی دڕکاوییەوە پەرژینێک لە سنوری نێوان وڵاتەکەیی و بیلاروسیا دروستبکات.

وەزیرەکانی ئەو ١٢ وڵاتە داوای گرتنەبەری یاسای توندتر دەکەن لەچوارچێوەی یاسای شینگندا و پێیان وایە لە ئێستادا هیچ یاسایەکی روون نییە لەسەر ئەوەی کە وڵاتانی ئەندام دەتوانن چ رێکارێک بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە لێشاوی کۆچبەرانی نایاسایی.








گەلەری