سەردێڕ:

کۆمسیۆن:ئەنجامى بەراوردکاریى جیاکردنەوەى دەنگدانى دەستى و ئەلیکترۆنى هاوتابوون

AM:09:39:09/10/2021

10284 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند "ئەنجامى بەراوردکاریى جیاکردنەوەى دەنگدانى دەستى و ئەلیکترۆنى لە پڕۆسەى دەنگدانى تایبەت سەدا سەد هاوتابوون".


ئەمرۆ شەممە، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دوای ئەوەی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تەواوبوو، ئەنجامی ئەلیکترۆنی بەسەر بریکارەکاندا دابەشکرا تا بەشێوەی دەستی جارێکی دیکە دەنگەکان جیابکرێنەوە و هەژامار بکرێن.

 

ئاماژەی بەوەشدا، جیاکردنەوە و هەژمارکردنی ئەلیکترۆنی ئەو بنکانەی دەستنیشان کرابوون، بەراورد کران بەو دەنگانەی بە دەست جیاکرابوونەوە و هەژمار کرابوون دەرکەوتووە ئەنجامەکان ١٠٠٪ هاوتا بوون.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە کاتژمێر ٧ی بەیانیدا دەستیپێکرد و لە ٦ی ئێوارەدا کۆتاییهات و سەرجەم سندوقەکان داخران و ئامێرەکان بەشێوەی ئۆتۆماتیکی کوژانەوە.

لە سەرانسەری عێراقدا یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان هەبوو، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارە و لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.

سبەینێ ١٠ی ١٠ دەنگدانی گشتی لەسەرتاسەری عێراقدا کاتژمێر ٧ی بەیانی دەست پێدەکات و تیایدا نزیکەی ٢٥ ملیۆن دەنگدەر روو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن بەمەبەستی هەڵبژاردنی ٣٢٩ ئەندام پەرلەمانی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.


 













گەلەری