راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا هیچ بوارێک بۆ ساختەکاریکردن و دەستکاریکردنی دەنگی دەنگدەران نەهێڵراوەتەوە.
حسێن هنداوی راوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئێندپێندێنتی عەرەبی رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، کەرۆژی دەنگدانی گشتییە، دەبێتە رۆژێکی زۆر باش و مێژوویی.
وتیشی، "پێشبینیمان وایە، هەڵبژاردنی ئەمجارە بەگوێرەی هەموو پێوەر
و پێودانگەکان بێگەرد و قەبوڵکراوبێت لەسەر هەردوو ئاستی نیشتیمانی و نێودەڵەتی".
حسێن هنداوی ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت ئەم هەڵبژاردنە بە هەلێکی مێژوویی
دەزانێت بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی گۆڕانکاریی دروست.
لەبارەی ئەگەری روودانی ساختەکارییەوە، حسێن هنداوی راوێژکاری کازمی
باسی لەوەشکرد، حکومەت و کۆمسیۆن هەموو هەوڵێکی خۆیانداوە تا هیچ بوارێک بۆ ساختەکاری
و دەستکاریکردنی دەنگی دەنگدەران نەهێڵرێتەوە. هەربۆیە واشدەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت بڕیاریداوە بەتوندی مامەڵە لەگەڵ ساختەکاریدا
دەکات.
راوێژکارەکەی کازمی ئاشکراشی کرد، گرتنەبەری میکانیزمەکانی دابەشکردنی
بازنەکانی دەنگدان و خۆکاندیدکردنی کەسی و سەربەخۆ، سەرکەوتنی کاندید لە رێگەی یەکدەنگەوە
و رێگەنەدان بەگۆڕانی دەنگەکە بۆ کەسێکی دیکە، پشتبەستن بە سیستمی بایۆمەتری و
ئامادەبوونی چاودێرانی بیانی و نیشتیمانی و پێداگری میللەت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی
شەفاف هۆکارن بۆ نەهێشتنی هیچ بوارێک بۆ ساختەکاری.
لەبارەی تەواوی ئامادەکارییەکانەوە، حسێن هنداوی ئاماژەی بەوەدا، کۆمسیۆن
رایگەیاندووە تەواوی ئامادەکاریی کردووە بۆ بەڕێووەچوون و سەرخستنی هەڵبژاردنەکە،
شانبەشانی ئەوانیش حکومەت تەواوی پشتیوانی خۆی دەربڕیوە و بەردەوام لەسەر خەتە بە
ئامانجی سەرخستنی پرۆسەکە.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە کاتژمێر ٧ی بەیانیدا
دەستیپێکرد و لە ٦ی ئێوارەدا کۆتاییهات و سەرجەم سندوقەکان داخران و ئامێرەکان بەشێوەی
ئۆتۆماتیکی کوژانەوە.
لە سەرانسەری عێراقدا یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی
تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان هەبوو، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارە و لە گرتووخانەکانیش
٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.
سبەینێ ١٠ی ١٠ دەنگدانی گشتی لەسەرتاسەری عێراقدا کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستپێدەکات
و تیایدا نزیکەی ٢٥ ملیۆن دەنگدەر روو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن بەمەبەستی هەڵبژاردنی
٣٢٩ ئەندام پەرلەمانی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
کـ ، ئـ