سەردێڕ:

لە بۆردومانى فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوان لە گوندێکى نزیک چەمچەماڵ ژنێک گیانیلەدەستدا

AM:08:46:09/10/2021

6644 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆى بۆردومانکردنى ئۆتۆمبێلێک لەلایەن فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانەوە لە گوندێکى نزیک لە شارۆچکەى چەمچەماڵ ژنێک گیانیلەدەستدا و دوو کەسى دیکەش بریندار بوون.


سەرلەئێوارەى دوێنێ هەینى، فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکى لە گوندێکى نزیک لە شارۆچکەى چەمچەماڵ بۆردومان کرد و لە ئەنجامى بۆردومانەکەدا ژنێک گیانیلەدەستدا و دوو کەسى تر بریندار بوون.

هەرچەندە تائێستا هیچ لایەنێکى فەرمى ناسنامەى هێرشبەرەکەیان ئاشکرا نەکردووە بەڵام میدیاکانى نزیک لە پەکەکە وڵاتى تورکیا بە ئەنجامدەرى ئەو هێرشە ناودەبەن.

ئێن ئاڕ تى زانیوویەتى تەرمى ژنەکە رەوانەى پزیشکى دادى سلێمانى کراوە و دوو بریندارەکەش دۆخى تەندروستییان جێگیرە و لە نەخۆشخانەى چەمچەماڵ چارەسەریان بۆ دەکرێت.

پێشتریش و لە رۆژى ٤ى تشرینى یەکەمى ئەمساڵدا لەنزیک شارۆچکەى چەمچەماڵ لەلایەن فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانەوە ئۆتۆمبێلێک بۆردومانکرا و لەئەنجامدا دوو کەس بریندار بوون.













گەلەری