سەردێڕ:

ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی ئەفغانستان بەرزبووەوە

PM:11:23:08/10/2021

8728 جار خوێندراوەتەوە

گروپی چەکداری داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکەی ناو مزگەوتێکی قندوز لە ئەفغانستان راگەیاند. میدیاکانی ئەو وڵاتەش بڵاویان کردەوە، ژمارەی کوژراوەکان ١٠٠ کەسى تێپەڕاند.


ئەمڕۆ هەینی، دوا بەدوای روودانی تەقینەوەیەک لە ناو مزگەوتی سەعید ئابادی پەیڕەوکارانی شیعە مەزهەب لە شاری خان ئاباد لە ویلایەتی قندوز لە باکوری ئەفغانستان، گروپی چەکداری داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی کردەوەکەی لە ئەستۆگرت.

گروپی چەکداری داعشی خۆراسان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تێلیگرام راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، خۆکوژێکی سەر بە گروپەکەیان لەناوەڕاستی نوێژخوێنانی مزگەوتێک خۆی تەقاندووەتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٣٠٠ کەس کوژراو و برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە، چاوگێکی ناوخۆیی ئەفغانستان ئاماژەی بەوەدا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تەقینەوەکە گیانیانلەدەستداوە بەرزبووەتەوە و ١٠٠ کەسی تێپەڕاندووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، میدیا ناوخۆییەکانی ئەفغانستان بڵاویانکردەوە، دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی لە مزگەوتی سەعید ئابادی پەیڕەوکارانی شیعە مەزهەب لە شاری خان ئاباد لە ویلایەتی قەندوز لە ئەفغانستان بەهۆی تەقینەوەیەکەوە زیاتر لە ٥٠ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٤٠ هاوڵاتی دیکە برینداربوون.

لە دوای گەڕانەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ئەفغانستان یەکەم رووداوی تەقینەوەیە کە ئەو ژمارەیە زۆرە لە گیانلەدەستدان و برینداری لێکەوتبێتەوە.


کـ. ئـ













گەلەری