سەردێڕ:

نەوەی نوێ یەکەمە؛ لە زۆرێک لە بنکەکانی سلێمانی و هەولێر

PM:10:33:08/10/2021

40100 جار خوێندراوەتەوە

پرۆسەى دەنگدانى تایبەت کۆتاییهات و ئەنجامە سەرەتاییەکانیش ئەوە دەردەخەن، لە هەندێک لە بنکەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر کاندیدەکانی نەوەی نوێ یەکەمن.


لە بنکەی شەهید غەفور ژاژڵەیی لە بازنەی یەکی سلێمانی، کە باکوری قەزای ناوەندی سلێمانی و شارباژێڕ دەگرێتەوە رێبوار ئەورەحمان کاندیدی نەوەی نوێ یەکەم بووە.

لە بازنەی چواری هەولێریش، کە خۆرهەڵاتی ناوەندی هەولێر دەگرێتەوە لە بنکەی میدیای کچان کە محەمەد ئیسماعیل کاندیدی نەوەی نوێیە یەکەم بووە.

هاوکات، لە چەندین بازنە و بنکەی دیکە نەوەی نوێ دەنگەکانی بە رێژەیەکی زۆر لە پێش لایەن و حزبەکانی دیکەوەیە.  

ئەنجامە سەرەتاییەکانی دەنگدانی تایبەت ئەوەی دەرخستووە، کە تەنانەت لە ناو دەنگدانی تایبەتدا دەنگەکانی دەسەڵات زۆر کەمیکردووە بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ٥٠٪ی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە یان نەچوون بۆ دەنگدان یان دەنگەکانیان سوتاندووە.

ئەنجامە سەرەتاییەکانی دەنگدانی تایبەت، دەریخستووە کە تەنانەت لە ناو دەنگدانی تایبەتدا دەنگی نەوەی نوێ سێ هێندە زیادبووە.

بەگوێرەی وتەی چاودێرانی هەڵبژاردنەکان، بەهۆی ئەوەی لەمجارەدا پارتی و یەکێتی شتێکی نوێیان پێنەبووە تاوەکو بۆ هاوڵاتییانی بکەن و تەنیا بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکانى هەڵبژاردنەکانى رابردوویان داوەتەوە بە هاوڵاتییان هەر بۆیە، لەمڕۆدا و لەمیانەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەتدا پارتی و یەکێتی بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو دەنگەکانیان کەمیکردووە.

جگە لە کۆمەڵێک قسەى چەند بارە و دروشمی هەڵبژاردن، هیچ شتێکی نوێی و دڵخۆشکەریان بۆ باشکردنى ژیان و گوزەرانى خەڵک و موچەخۆرانى هەرێم پێنەبوو، بەپێی راپرسیە نهێنییەکانى خۆشیان دەزانن نەک متمانەی هاوڵاتییان بەڵکو متمانەى ئەندامانى خۆشیان لەدەستداوە.

لە بەرامبەر هێزەکانی دەسەڵاتدا، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەهۆی ئەو کارانەی لە ماوەی رابردوودا کردوویانە و پاڵپشتی هاوڵاتییان بوون و چەندین هەڵوێستان هەبووە کە لای هاوڵاتییان پەسەند بووە، بۆیە بەرپرسانی نەوەی نوێ پێیان وایە کە رۆژی دەنگدان ئەنجامی ئەوە دەچنەوە کە لە بەرەی گەلدا بوون و ژمارەی دەنگەکانیان زۆر زیاد دەکات و وەک خۆیان دەڵێن، "موفاجەئە تۆماردەکەن."

ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە کاتژمێر ٧ی بەیانیدا دەستیپێکرد و لە ٦ی ئێوارەدا کۆتاییهات و سەرجەم سندوقەکان داخران و ئامێرەکان بەشێوەی ئۆتۆماتیکی کوژانەوە.

لە سەرانسەری عێراقدا یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان هەبوو، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەش مافی دەنگدانیان هەبوو، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.













گەلەری