سەردێڕ:

هۆشدارییەک لەبارەی دزەپێکردنی زانیارییەکانى فەیسبووکەوە

PM:10:06:08/10/2021

3780 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا خزمەتگوزارییەکانی فەیسبووک بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەکارکەوت، چەندین تۆمەت ئاراستەی ئەو کۆمپانیایە کرا بەتایبەتی لەبارەی ئەوەی لەپێناو قازانجی مادی، سەلامەتی بەشداربوانی بۆ گرنگ نییە.


لە رۆژانی رابردوودا، فرانسیس هۆگن، بەرپرسی پێشوو لە کۆمپانیای فەیسبووک لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەیدا داوای کرد، ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە پێویستە زیاتر کۆنتڕۆڵ بکرێت لە جیهاندا، بەتایبەتی بۆ منداڵان.

لەبارەی دزەپێکردنی زانیارییە کەسییەکانەوە ئاماژەی بەوەدا، هەموو لایەکی نیگەران کردووە و دەپرسن چۆن مامەڵە لەگەڵ زانیارییە کەسییەکانیاندا بکەن بەشێوەیەک بێت هیچ دزەکردنێک روونەدات و زانیارییەکانیان لەلایەن خەڵکانی دیکەوە نەدزرێن.

محەمەد نازر، شارەزا لە ئاسایشی زانیارییەکاندا بە ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی راگەیاند، نهێنی زانیاری کەسی بابەتێکی گرنگە بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کاتێک هەژمار دادەنێت، هەربۆیە دەبێت بەشێوازێک بێت دووربێت لە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر زانیارییە کەسییەکان دروستبێت.

وتیشی، ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا روویدا لە لەکارکەوتنی خزمەتگوزارییەکانی فەیسبووک پەیامێکی بەهێزبوو بۆ بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕە بەوەی زانیارییەکانیان پارێزراو نابن.

لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان محەمەد نازر باسی لەوەشکرد، پێویستە بەکارهێنەران ئەوە بزانن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شوێنێکن ١٠٠٪ پارێزراو نیە، هەربۆیە هەتا تەواو دڵنیانەبن زانیاری تایبەت و نهێنی خۆتانی لێ دامەنێن.

دەشڵێت، پێویستە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هیچ بابەتێکی تایبەتی خۆیان، وەک ئەو شوێنانەی گەشتی بۆ دەکەن، ئەو شوێنەی بەردەوام لێی دەمێننەوە ئاشکرا نەکەن، چونکە ئەو زانیارییانە دزەیان پێدەکرێت و رێگەیەکی باشیشن بۆ دزەکردنە ناو هەژمارەکانتانەوە.

هەروەها، لەلایەن خۆیەوە، ئەشرەف بەغدادی مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕ لە تەکنەلۆجیای پەیوەندییەکان بە ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی راگەیاند، کۆمەڵێ زانیاری زۆر سەرەتایی هەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان حەزدەکەن ئاشکرایان بکەن، وەک رێکەوتی لەدایکبوون، ناونیشانی مانەوە ئەمانە هاککەرەکان دەتوانن بەکاریان بهێنن بۆ دزە پێکردنی زانیارییە کەسییەکان.

دەشڵێت، بەهۆی ئەوەی رێکەوتی لە دایکبوون و ناوی بەکارهێنەر و شوێنی مانەوە راستەوخۆ پەیوەندییان بە هەژماری بانکییەوە هەیە، هاککەرەکان دەتوانن لە رێگەی ئەو زانیارییانەوە ژمارەی بانکی بەشداربوان هاکبکەن و دزە بکەنە ناو هەژمارەکانیان لە بانکەکاندا و دزییان لێبکەن.

هەربۆیە داوا لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەکات ئەو زانیارییە کەسییانە هەرگیز لەناو هەژمارەکانیان لەو تۆڕانە ئاشکرا نەکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، کاتژمێر ٦:٥٠ خولەکی ئێوارەی ٤ی تشرینی یەکەم بەشێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییە جیهانییەکان لەکارکەوتوون و لەناویشیاندا فەیسبووک و واتس ئەپ و ئینستاگرام بوونی هەیە.

تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، تۆڕێکی کۆمەڵایەتیییە و لە ٤ی شوباتی ٢٠٠٤دا لەلایەن مارک زوکەبێرگ و دیمی لینەوە دامەزراوە سەرمایەی کۆمپانیاکە بە ٨٥ ملیار و ٩٦ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، نزیکی دوو ملیار و ٨٩ ملیۆن بەکارهێنەری هەیە.


کـ ، ئـ













گەلەری