سەردێڕ:

هێڵی ئاسمانی عێراق وادەی راگرتنی گەشتەکانی ئاشکراکرد

PM:09:58:08/10/2021

6224 جار خوێندراوەتەوە

هێڵی ئاسمانی عێراق رایگەیاند، سبەی شەو لە کاتژمێر ٩وە تا کاتژمێر ٦ی بەیانی رۆژی دووشەممە سەرجەم گەشتەکان بۆ دەرەوەی وڵات و بە پێچەوانەوە لەسەرجەم فڕۆکەخانەکان رادەگیرێن.


ئەمڕۆ هەینی، حسێن جەلیل وتەبێژی هێڵی ئاسمانی عێراقی لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، گەشەتەکانی سبەینێ بەیانی بەگوێرەی خشتە گەشتەکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لە کاتژمێر ٩ی شەوەوە لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان گەشتەکان بۆ دەرەوەی وڵات و بە پێچەوانەوە رادەگیرێن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، راگرتنی گەشتەکان تا کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١١ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت و لەو کاتەدا بەشێوەیەکی ئاسایی گەشتەکان دەست پێدەکەنەوە.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، گرتنە بەری ئەم رێوشوێنە بەگوێرەی فەرمانەکانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بووە کە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢١، غالب عەتییە وتەبێژی لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لەبەرەبەیانی رێکەوتی ٩ی تشرینی یەکەم تا بەرەبەیانی ١١ی تشرینی یەکەم سەرجەم دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان دادەخرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، گرتنە بەری ئەم رێوشوێنە بە ئامانجی پاراستنی کەشی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە.

لەبارەی جموجوڵ و هاتوچۆی نێوان پارێزگاکانی عێراق، غالب عەتییە ئەوەشی خستەڕوو، جموجوڵی نێوان پارێزگاکان سنورداردەکرێت و لەناوخۆی پارێزگاکانیش بەکارهێنانی ماتۆڕسکیلەکان قەدەغەدەکرێن و هاوڵاتییان تەنها دەتوانن ئۆتۆمبێلەکانیان بەمەبەستی سەردانیکردنی بنکەکانی دەنگدان بەکاربهێنن.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لەسەرتاسەری وڵات بەڕێوەدەچێت و تیایدا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دەنگدەر بەشداری دەکەن لە هەڵبژاردنی ٣٢٩ ئەندام پەرلەمان.

کـ. ئـ













گەلەری