لەمڕۆدا لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو و هێزە ئەمنییەکان بە جۆش و خرۆشەوە چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەگوێرەی وتەی چاودێران و ئەنجامە بەراییەکانیش، پارتی و یەکێتی بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگەکانیان کەمیکردووە.
بەگوێرەی وتەی چاودێرانی هەڵبژاردنەکان، بەهۆی ئەوەی لەمجارەدا پارتی و یەکێتی شتێکی نوێیان پێنەبووە تاوەکو بۆ هاوڵاتییانی بکەن و تەنیا بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکانى هەڵبژاردنەکانى رابردوویان داوەتەوە بە هاوڵاتییان هەر بۆیە، لەمڕۆدا و لەمیانەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەتدا پارتی و یەکێتی بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو دەنگەکانیان کەمیکردووە.
ئەمڕۆ دوایین
رۆژی بانگەشەى هەڵبژاردن بەڕێوەچوو و بە درێژایی ماوەی بانگەشە، پارتى و یەکێتى و
بەرپرسە باڵاکانیان، هەمان بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکانى هەڵبژاردنەکانى رابردوویان دایەوە
بە هاوڵاتییان.
پارتی و یەکێتی جگە لە کۆمەڵێک
قسەى چەند بارە و دروشمی هەڵبژاردن، هیچ شتێکی نوێی و دڵخۆشکەریان بۆ باشکردنى ژیان
و گوزەرانى خەڵک و موچەخۆرانى هەرێم پێنەبوو، بەپێی راپرسیە نهێنییەکانى خۆشیان
دەزانن نەک متمانەی هاوڵاتییان بەڵکو متمانەى ئەندامانى خۆشیان لەدەستداوە.
لە بەرامبەر
هێزەکانی دەسەڵاتدا، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەهۆی ئەو کارانەی لە ماوەی رابردوودا کردوویانە
و پاڵپشتی هاوڵاتییان بوون و چەندین هەڵوێستان هەبووە کە لای هاوڵاتییان پەسەند
بووە، بۆیە بەرپرسانی نەوەی نوێ پێیان وایە کە رۆژی دەنگدان ئەنجامی ئەوە دەچنەوە
کە لە بەرەی گەلدا بوون و ژمارەی دەنگەکانیان زۆر زیاد دەکات و وەک خۆیان دەڵێن،
"موفاجەئە تۆماردەکەن."
پرۆسەی دەنگدانی
تایبەت لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەدا کۆتاییهات و سەرجەم سندوقەکان داخران و ئامێرەکان بەشێوەی
ئۆتۆماتیکی کوژانەوە.
کۆمسیۆنی باڵای
سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت، "ئەنجامی دەنگدانی تایبەت ئەمڕۆ راناگەیەندرێت
و لەگەڵ ئەنجامی دەنگدانی گشتیدا بڵاودەکرێتەوە."
ئەمڕۆ هەینی، نوێنەرایەتی
نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەتی
عێراقەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "لەلایەن چاودێرە نێودەوڵەتییەکانەوە هیچ سکاڵایەک بەرز نەکراوەتە تیایدا
پێشێلکارییان تۆمار کردبێت، هەر بۆیە دڵنیاییدەدەن لەوەی لە دەنگدانی تایبەتدا هیچ
پێشیلکارییەک تۆمار نەکراوە."
هەر ئەمڕۆ، لەکاتی
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەتدا، جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق
سەردانی بنکەی دەنگدانی کەمپی ئاوارەکانی کرد لە شێخان لە پارێزگای دهۆک و رایگەیاند،
بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بنکەکانی دەنگدان و ئامانجیانە ئاگاداربن لە چۆنییەتی
بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.
هاوکات، رێکخراوی
یۆنامی لە عێراق داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە رێز لە ئازادی هەموو عێراقییەکان
بگرن لە دەنگدانیان بۆ ئەو نوێنەرانەی کە دەنگیان پێدەدەن.
لە سەرانسەری عێراقدا
یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان
هەبوو، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەش مافی دەنگدانیان هەبوو، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس
مافی دەنگدانیان هەبوو.