سەردێڕ:

کۆمسیۆن:هیچ پێشێلکارییەک لە دەنگدانی تایبەتدا تۆمار نەکراوە

PM:07:01:08/10/2021

3564 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە دەنگدانی تابیەتدا هیچ پێسێلکارییەک تۆمار نەکراوە.


ئەمرۆ هەینی، جەلیل عەدنان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەتدا سەرەتایەکی باشە بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

ئاماژەی بەوەشدا، لە دەنگدانی تایبەتدا هیچ پێشیلکارییەکی ئەمنی تۆمار نەکراوە.

هەرئەمڕۆ،نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەتی عێراقەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "هێزە چەکدارەکان بە هەموو بەشە جیاوازەکانییەوە، زیندانیان و ئاوارەکان بەردەوامن لە دەنگدانی تایبەت."

ئاماژەی بەوەشداوە، "تا ئێستا لەلایەن چاودێرە نێودەوڵەتییەکانەوە هیچ سکاڵایەک بەرز نەکراوەتە تیایدا پێشێلکارییان تۆمار کردبێت، هەر بۆیە دڵنیاییدەدەن لەوەی تا ئێستا لە دەنگدانی تایبەتدا هیچ پێشیلکارییەک تۆمار نەکراوە."

لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەتدا، جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی بنکەی دەنگدانی کەمپی ئاوارەکانی کرد لە شێخان لە پارێزگای دهۆک و رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بنکەکانی دەنگدان و ئامانجیانە ئاگاداربن لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.

هاوکات، رێکخراوی یۆنامی لە عێراق داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە رێز لە ئازادی هەموو عێراقییەکان بگرن لە دەنگدانیان بۆ ئەو نوێنەرانەی کە دەنگیان پێدەدەن.

بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە تەواوی عێراقدا، یەک ملیۆن و ٧٥ هەزار و ٧٢٧ کەس لە هێزە ئەمنییەکان بەشداری لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا دەکەن، لە هەرێمی کوردستانیش ٢٢٥هەزار و ٨٢٩ کەس مافى دەنگدانى تایبەتیان هەیە.


کـ. ئـ













گەلەری