سەردێڕ:

لە رۆژانی جەژندا کارەبای نیشتیمانی کەمدەکات

AM:10:18:19/07/2021

17380 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، لە جەژندا ١٤ کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتییان دەدەن، ئەمەش بەراورد بە رۆژانی رابردوو یەک بۆ دوو کاتژمێر پێدانی کارەبا کەمدەکات.


 

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی کارەبای هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بە پشت بەستن بە بەرھەمھێنانی سێ هەزار و ٤٠٠ مێگاوات کارەبا، لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا ١٤ کاتژمێر کارەبا دەدەنە هاوڵاتیان. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەم مەبەستە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیەكانی كۆنترۆڵی كارەبای پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و ئیدارەی گەرمیان و سەرجەم وێستگەگانی بەرهەمهێنانی كارەبا، گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا لەسەر ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ھەرێمی کوردستان لە وەرزی گەرمادا، پێویستیی بە چوارهەزار و ٢٠٠ تا چوار هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا ھەیە.

هەفتەی رابردوو، وەزارەتی کارەبای هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، "بڕیارە لە رۆژی ١٥ تەمموز یەکەیەکی دیکەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاربخرێت، کە بەرەو پێدانی ١٦ کاتژمێر کارەبا لە رۆژێکدا هەنگاو دەنێین." 

ئاماژەی بەوەشکرد، تا رێکەوتی١٥ی ٦ی ٢٠٢١ رۆژانە ١٨ کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتییان دەدرا، بەڵام لەوکاتەدا پێنج یەکەی کۆمپانیای ماس بەهۆی چاککردنەوە و دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان لەکارکەوتن، کە لە یەک کاتدا ٦٠٠ مێگاوات کارەبا کەم بووەوە.

پێشتر، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبای هەرێم لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، لەم کابینەیەدا سێ کاتژمێر کارەبامان زیادکردووە و حکومەت نزیکەی تریلیۆنێک و ٢٩٨ ملیار دینار قه‌رزی کاره‌با لای هاوڵاتییانه‌.

سەبارەت بە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا نزیکەی ١٦ کاتژمێر و چەند خولەکێک کارەبا بەهاوڵاتییان دەدەن، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کردە دەرەوەی ١٢٥ مێگاوات کارەبا لەلایەن کۆمپانیای ماسەوە بە بیانوی چاککردنەوە ناتوانرێت لە ئێستادا وەک پێشوو ١٨ کاتژمێر کارەبا بەهاوڵاتییان بدەن.

ئاماژەی بەوەشدا، "ئەگەر هاوڵاتییان پارەی قەرزی کارەبا بدەن و سوته‌مه‌نی به‌رده‌ست هه‌بێت ئیتر ئێمه‌ هیچ کێشه‌ی به‌رهه‌م هێنانی کاره‌بامان نییه‌"، وتیشی، "به‌دڵنیاییه‌وه‌ کێشەی کارەبا چاره‌سه‌ر ده‌بێت، بەڵام ناتوانین کات دیاری بکه‌ین."

ئەمە لەکاتێکدایە، بەدرێژایی ساڵانی حکومڕانی دەسەڵاتی کوردی بەرپرسانی حکومی نۆکابینەی یەک لە دوایەکی حکومەت و هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بەردەوام مژدەی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا دەدەن و رایدەگەیەنن کارەبای نیشتیمانی دەکەنە ٢٤ کاتژمێری، بەڵام دوای سی ساڵ لە ئەزموونی حوکمڕانیان هێشتا کێشەی دابینکردن و پێدانی کارەبای نیشتیمانی بەچارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.

 
كـ ، ئـ













گەلەری