سەردێڕ:

بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەت کۆتاییهات

PM:06:07:08/10/2021

3036 جار خوێندراوەتەوە

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەدا کۆتاییهات و سەرجەم سندوقەکان داخران و ئامێرەکان بەشێوەی ئۆتۆماتیکی کوژانەوە.


بەگوێرەی وتەی چاودێران، پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەچوو، لە کاتژمێر ٧:٠٠ی سەر لە بەیانییەوە ھێزە ئەمنییه‌كان و پێشمەرگە و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لە عێراق و هەرێم لە نزیک بنکەکانی دەنگدان ئامادەبوون بۆ ئەوەی دەنگ بدەن و تا کۆتایی هاتنی پرۆسەکە ھیچ کێشەیەک رووی نەدا.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "ئەنجامی دەنگدانی تایبەت ئەمڕۆ راناگەیەندرێت و لەگەڵ ئەنجامی دەنگدانی گشتیدا بڵاودەکرێتەوە."

ئەمڕۆ هەینی، نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەتی عێراقەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "هێزە چەکدارەکان بە هەموو بەشە جیاوازەکانییەوە، زیندانیان و ئاوارەکان لە دەنگدانی تایبەت دەنگیاندا."

ئاماژەی بەوەشداوە، "تا ئێستا لەلایەن چاودێرە نێودەوڵەتییەکانەوە هیچ سکاڵایەک بەرز نەکراوەتە تیایدا پێشێلکارییان تۆمار کردبێت، هەر بۆیە دڵنیاییدەدەن لەوەی لە دەنگدانی تایبەتدا هیچ پێشیلکارییەک تۆمار نەکراوە."

هەر ئەمڕۆ، لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەتدا، جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی بنکەی دەنگدانی کەمپی ئاوارەکانی کرد لە شێخان لە پارێزگای دهۆک و رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بنکەکانی دەنگدان و ئامانجیانە ئاگاداربن لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.

هاوکات، رێکخراوی یۆنامی لە عێراق داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە رێز لە ئازادی هەموو عێراقییەکان بگرن لە دەنگدانیان بۆ ئەو نوێنەرانەی کە دەنگیان پێدەدەن.

لە سەرانسەری عێراقدا یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان هەبوو، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەش مافی دەنگدانیان هەبوو، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.













گەلەری