سەردێڕ:

نەتەوەیەکگرتووەکان: لە هەڵبژاردنی تایبەتدا هیچ پێشێلکارییەک تۆمار نەکراوە

PM:05:38:08/10/2021

4300 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، دڵنیایی دەدەن لەوەی تا ئێستا هیچ پێشێلکارییەک لە دەنگدانی تایبەتدا تۆمار نەکراوە.


ئەمڕۆ هەینی، نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەتی عێراقەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "هێزە چەکدارەکان بە هەموو بەشە جیاوازەکانییەوە، زیندانیان و ئاوارەکان بەردەوامن لە دەنگدانی تایبەت."

ئاماژەی بەوەشداوە، "تا ئێستا لەلایەن چاودێرە نێودەوڵەتییەکانەوە هیچ سکاڵایەک بەرز نەکراوەتە تیایدا پێشێلکارییان تۆمار کردبێت، هەر بۆیە دڵنیاییدەدەن لەوەی تا ئێستا لە دەنگدانی تایبەتدا هیچ پێشیلکارییەک تۆمار نەکراوە."

هەر ئەمڕۆ، لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تایبەتدا، جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی بنکەی دەنگدانی کەمپی ئاوارەکانی کرد لە شێخان لە پارێزگای دهۆک و رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بنکەکانی دەنگدان و ئامانجیانە ئاگاداربن لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.

هاوکات، رێکخراوی یۆنامی لە عێراق داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە رێز لە ئازادی هەموو عێراقییەکان بگرن لە دەنگدانیان بۆ ئەو نوێنەرانەی کە دەنگیان پێدەدەن.

بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە تەواوی عێراقدا، یەک ملیۆن و ٧٥ هەزار و ٧٢٧ کەس لە هێزە ئەمنییەکان بەشداری لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا دەکەن، لە هەرێمی کوردستانیش ٢٢٥هەزار و ٨٢٩ کەس مافى دەنگدانى تایبەتیان هەیە.

کـ. ئـ













گەلەری