سەردێڕ:

لە ئیدارەی راپەڕین رێژەی دەنگدانی تایبەت ٩٠٪ـە

PM:05:20:08/10/2021

2788 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت بەردەوامە و زۆرینەی هێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری دەنگدان دەکەن.


تا کاتژمێرێک پێش تەواوبوونی پرۆسەکە لە ئیدارەی راپەڕین ٩٠٪ی دەنگدەران بەشدارییان لە دەنگداندا کردووە.

بەگوێرەی وتەی باخان تۆفیق پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە ئیدارەی راپەڕین، تا ئێستاش دەنگدەران بە کۆمەڵ روو لە بنکەکانی دەنگدان دەکەن و ئەگەر هەیە رێژەی دەنگدان لەم رێژەیەی ئێستاش بەرزتر بێتەوە.

هاوکات، لە هەڵەبجە ٨٤٪ی دەنگدەران دەنگیان داو، کە دەکاتە هەزار و ٦٥٥ کەس و تەنیا ٣١٢ کەسی دیکە ماوە دەنگ بدەن.

لای خۆشییەوە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، لە هەریەک لە پارێزگاکانی زیقار و میسان بە رێژەی ٤٥٪ بەشداری دەنگدانی تایبەت کراوە، لە پارێزگاکانی موسەنا و سەڵاحەدین بە رێژەی ٤٣٪ و لە قادسییە بە رێژەی ٤٢٪ و لە پارێزگای بەسرە بە رێژەی ٤١٪ بەشدارییان کردووە لە دەنگدانی تایبەتدا.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ ھەینی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد کە دەنگدەران دەتوانن لە ٥٩٥ بنکەی دەنگدان دەنگی خۆیان بدەن.

پرۆسەکە ئەمڕۆ تەنیا بۆ کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، پێشمەرگە و دەزگاکانی دژەتیرۆر و تەواوی ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکانە لە هەرێم و عێراق و ئاوارەکان و بەشێک لە زیندانیان دەنگدەدەن.

لە سەرانسەری عێراقدا یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان ھەیە، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان ھەیە، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.













گەلەری